ئافرەتێکی پارێزەر بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا

ژمارەیەک چاکداری دەمامکدراو هێرشیان کردە سەر ژنە پارێزەرێک و بە 7 گولـلە کوشتیان
لە شاری کوت سەر بە پارێزگای واست، ئافرەتێکی پارێزەر بە هۆکارێکی نادیار درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و کوژرا.
ئەمڕۆ سیشەممە میدیاکانی عێراق بڵاویان کردەوە، لە شاری کوتی سەر بە پارێزگای واست، چەندین چەکداری نەناسراو کە سەر و چاوی خۆیان داپۆشابوو بە دەستڕێژی گولـلە تەقەیان لە کچە پارێزەرێک کرد و کوشتییان.
میدیاکانی عێراق ناوی ئەو ئافرەتە پارێزەرەیان بە هەمسە جاسم بڵاو کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە، هەمسە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بووە و لە لایەکەوە ڕاوەستاوە، لەناکاو تەقەی لێکراوە و دوای لێکۆڵینەوەی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان لە ڕووداوەکە، دەرکەوتووە کە ئاسەواری 7 فیشەک بەسەر جەستەیەوە بووە.
لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی پۆلیسی عێراق لەبارەی ڕووداوەکەوە دەستیپێکردووە، بەڵام تا ئێستا نە هۆکاری تەقەکردنەکە و کوژرانی هەمسە جاسم دیارە و نە ئەو کەسانەش کە تەقەیان کردووە دەستگیر کراون.