لاهور شێخ جەنگی لە زیندانەوە بڕیارێکی گرنگیدا

سەرۆکی بەرەی گەل بڕیارێکی چارەنووسازی بۆ حزبەکەی ئاشکرا دەکات
لە زیندانەوە سەرۆکی بەرەی گەل بڕیارێکی چارەنووسازی بۆ حزبەکەیدا و سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی پەیامە گرنگەکەی ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە بورهان ڕەشە گوڵە، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی لە زیندانی کانی گۆمەی سلێمانی سەردانی لاهور شێخ جەنگی کردووە.
لە سەردانەکەدا، لاهور شێخ جەنگی کەسە نزیکەکانی و بەرپرسانی (بەرەی گەل)ی سەرپشک کردووە لەبەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە بڕیارە مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
بورهان ڕەشە گوڵە جەخت لە باشبوونی دۆخی تەندروستی لاهور شێخ جەنگی دەکاتەوە و دەڵێت: "سەرقاڵی خوێندنەوەی كتێبە"،
لەبارەی چارەنوسی بەشێک لەزیندانییەکانەوە، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی ئاشکرای دەکات، 11 دەستگیرکراو بە پلەبەندی لە ڕۆژانی ڕابردودا ئازاد کراون، کە چایچی، باخەوان و شۆفێر بون، کە بێتاوان بوون و هیچ تۆمەتێکیان لەسەر نەبووە.
لە ڕۆژی 22ـی 8ـی 2025، لاهور شێخ جەنگی لە دوای ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی دوپشک و هێزی کۆماندۆ و دژە تیرۆر لە لالەزار دەستگیرکرا.