لایەنەکانی عێراق بۆ بەدەستهێنانی دەنگ کەڵک لە دامەزراوە سەربازییەکان وەردەگرن

لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ بەدەستهێنانی دەنگ داوای ئازادکردنی ژمارەیەک سەرباز و کارمەندی ئەمنی دەکەن
لایەنەکانی عێراق بەشێوەی نایاسایی کەڵک لە دامەزراوە سەربازییەکان وەردەگرن بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر
لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق هۆشداریی لەوە دەدات، لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە هەوڵدانن دامەزراوە سەربازییەکان بخەنە ژێر ڕکێڤی سیاسیی خۆیانەوە، ئەمەش لەپێناو بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردندا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق هۆشداریدا لە هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی نایاسیی ئەو دامەزراوە سەربازییانەی عێراق بۆ مەبەستی سیاسی و هەڵبژاردن لەلایەن بەشێک لە کاندیدەکان و لایەنە کاریگەرەکانەوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم کارانە نوێنەرایەتی پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا دەکەن و بێلایەنی و وێنەی سوپا لەنێو هاووڵاتییاندا تێکدەدەن.
عەلاوی ئەلبەنداوی ئەندامی لیژنەکە بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاندووە، هەوڵێک هەیە بۆ بەکارهێنانی نایاسایی دامەزراوە سەربازییەکان بۆ مەبەستی سیاسی و هەڵبژاردن لەلایەن هەندێک لە کاندیدەکانی سەر بە بلۆک و حزب و کەسایەتییە کاریگەرەکانەوە.
ئەلبەنداوی ئاماژەی بەوەشداوە، لێژنەکە چاودێری هەوڵەکانی ئەو لایەنانەیان کردووە بۆ ئەوەی داوای ئازادکردنی ژمارەیەک سەرباز و کارمەندی ئەمنی بکەن، ئەمەش بۆ ئەوەی لە ماوەی پێش هەڵبژاردنەکاندا کاریان لەگەڵ بکەن.
ئەلبەنداوی ڕوونیشیکردەوە، ئەم کارانە نوێنەرایەتی پێشێلکارییەکی ڕوون و ئاشکرای یاسا و ڕێسا سەربازییەکان دەکەن و وێنەی ئەو دامەزراوە ئەمنییە تێکدەدەن، کە بڕیارە لە هەر گرژی و ڕێککەوتنێکی سیاسی دوور بمێنێتەوە، پێویستە سوپا و هێزە ئەمنییەکان بێلایەن بمێننەوە.