پایتەخت

ڕاگەیەندراوی بەپەلەی پۆلیسی گەرمیان لەسەر کوژرانی ئەکبەر حاجی رۆستەم

ڕاگەیەندراوی بەپەلەی پۆلیسی گەرمیان لەسەر کوژرانی ئەکبەر حاجی رۆستەم
کورتە

پۆلیسی گەرمیان لەسەر ڕووداوی کوژرانی ئەکبەر حاجی رۆستەم کەسایەتی دیاری گەرمیان هاتە دەنگ و نوێترین زانیارییان لەسەر کەیسەکە خستەڕوو

پۆلیسی گەرمیان لەبارەی کوژرانی ئەکبەر حاجی رۆستەم زانیاری نوێی بڵاوکردەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە ناوبراو مۆبایل و ئۆتۆمبێلەکەی دوای کوژرانی لێ درزاوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە حاڵەتێکی کوشتن لە گوندی ئۆمەربل سەر بە ناحییەی سەرقەڵا ئاگادار کرانەوە، دەست بەجێ مەفرەزەکانیان چوونە شوێنی ڕووداوەکە و دەرکەوت هاووڵاتیی (ئەکبەر رۆستەم محەممەد) ناسراو بە ئەکبەر حاجی رۆستەم، لەدایکبووی 1955 لە نێو زەوییە کشتووکاڵییەکەی خۆی بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەستداوە.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای لێکۆڵینەوەی مەفرەزەکانی پۆلیس، دەرکەوت کە مۆبایل و ئۆتۆمبێلەکەی بردراوە، کە قوربانییەکە لە کاتی ڕووداوەکە پێی بووە، لە ئێستادا پەراوی لێکۆڵێنەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و دەست بە لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر چۆنێتی ڕووداوەکە و ئاشکرا کردنی ناسنامەی تۆمەتبار کراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، درەنگانی شەوی ڕابردوو، لە گوندی ئۆمەربل سەر بە ناحییەی سەرقەڵا کەسایەتی دیاری گەرمیان ئەکبەر حاجی رۆستەم دەستڕێژی گولـلەی لێکرا و کوژرا، دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، کە بەخێرایی تەواوی سۆشیاڵ میدیای داگیرکرد، زۆرێک لە میدیاکان هۆکاری کوشتنی بۆ کوڕەکانی خۆی دەگەڕاندنەوە، بەڵام کوڕەکانی ئەکبەر حاجی رۆستەم ئەم تۆمەتانەیان ڕەت کردەوە و جەختیان کردەوە، کە کێشەی کۆمەڵایەتیشیان لەگەڵ کەس نەبووە، بۆیە گومانیان لە کەس نییە.

ئەکبەر حاجی رۆستەم خاوەنی 4 هاوژین بوو و 24 منداڵی لە دوای خۆیدا جێهێشت.

23 ئەیلوول 2025 14:20 2274
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025