پایتەخت

هەمووان بەدەست گرانییەکەیەوە دەناڵێنن!

کورتە

بەس گوێ بگرە و بزانە چۆن نرخی زێڕ بەمشێوەیە فڕی؛ ئێستا کیلۆیەک بە 12 دەفتەرە

لە 3 دەفتەرەوە بۆ 12 دەفتەر؛ هۆکاری فڕینی نرخی زێر چییە؟ 

بیست ساڵ پێش ئێستا یەک کیلۆ زێڕ ٩٠ وەرەقە بوو، ئێستا ١١ دەفتەر و ٩٠ وەرەقەیە، پێشتر ئەگەر خەڵک بۆ هاوسەرگیری کردن 35 تا 50 مسقاڵ زێڕیان دەکڕی، ئێستا ئەم ڕێژەیە بۆ 5 و 10 و ئەوپەڕی تا 15 مسقاڵ دابەزیوە، لە ئێستادا ئیتر هەمووان بەدەست گرانیی نرخی زێڕەوە دەناڵێنن، بەڵام پێتان وایە هۆکارەکانی پشت ئەم گرانییەی نرخی زێر چییە؟

دەستپێکی گرانییەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2019، ئەوکات نرخی کیلۆیەک زێڕ لە بازاڕە جیهانییەکان و هەرێمیشدا لەنێوان 3 دەفتەر و نیو تا 4 دەفتەر بوو، وڵاتی چین دەستی کرد بە کڕینی ڕێژەیەکی زۆری زێڕ، وای لێهات یەدەگی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕانکاریی بەسەردا هات، ساڵی 2020 ئیتر سەرجەم وڵاتان دەستیان کرد بە پاشەکەوت کردنی زێڕ، بۆ ئەوەی لە ئەگەری ڕوودانی هەر جۆرە شەڕ و کێشەیەکدا، زێڕ وەکو سەرمایەیەکی بەهێز بەکار بهێنن، چونکە نە دەسووتێت و نە بە ئاسانی لەناو دەچێت، هەرێمی کوردستانیش بێبەش نەبوو لەم ئاڵوگۆڕە جیهانییانە، عێراق بە لایەنی یەکەم دەستی کرد بە هاوردەکردنی زیاتری زێڕ و هەر دواین ئاماری یەک مانگی ڕابردوو نیشانی دەدات کە عێراق بە نزیکیی 30 تۆن زێڕی هاوردە کردووە، هەر ئەمەش شوێندانەریی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبووە، لە ئێستاشدا نرخی کیلۆیەک زێڕ بەهۆی ئەم کاریگەرییە ناوچەیی و جیهانییانەوە لە هەرێمی کوردستان، لە نێوان 11 دەفتەر و نیو تاوەکو 12 دەفتەر دایە. 

ئەمە کاریگەریی ناوچەیی و جیهانی بوو لەسەر زێڕ، بەڵام کاریگەریی ناوخۆییش هۆکارێکی دیکەیە، چونکە ڕۆژانە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە هەرێمی کوردستان، نرخی زێڕیش بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە، مامەڵە و ئاڵوگۆڕی زێڕ لە هەرێمی کوردستان پشتی بە دۆلار بەستووە و جیا لەمەش ڕووداوە ناوخۆییەکان و دۆخی ئابووری، زیاترین کاریگەریان لەسەر نرخی زێڕ هەبووە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم فاکتەرانە و کەمتر کڕینی زێڕ لە لایەن خەڵکەوە، هێشتاش ژیان بەردەوامە و بازاڕی زێڕیش جمەی دێت.

22 ئەیلوول 2025 16:34 9
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025