پایتەخت

تاڵیبان ئەو کتێبانە قەدەغە دەکات کە لەلایەن ژنانەوە نووسراون

تاڵیبان ئەو کتێبانە قەدەغە دەکات کە لەلایەن ژنانەوە نووسراون
کورتە

بزووتنەوەی تاڵیبان، کە لە ساڵی 2021ەوە دەسەڵاتی ئەفغانستانی بەدەستەوەیە هەڵسا بە قەدەگەکردنی ئەو کتێبانەی کە لەلایەن ژنانەوە نووسراون

جێبەجێکردنی یاسا و تووندەکانی  حکومەتی تاڵیبان بەسەر ژنانی ئەفغانستان بەردەوامە و لە دوایین پێشهاتیشدا کتێبی نووسەرانی ژن و هێڵی ئینتەرنێتی فایبەر ئۆپتیکی قەدەغە کردووە.

ئەمڕۆ هەینی کەناڵی بی بی سی بڵاویکردەوە، حکومەتی تاڵیبان هەڵساوە بە لابردنی هەموو ئەو کتێبانە لەلایەن ژنانەوە نووسراون لە کۆلێژ و زانکۆکاکانی ئەفغانستان.

140 ناونیشانی کتێبی ژنان قەدەغەکراون و لەگەڵ 680 کتێبی دیکە، کە بە پێچەوانەی یاسای شەریعەتی ئیسلام لە قەڵەم دراون، تەنانەت کتێبی زانستیش بە ناونیشانی "خۆپارێزی لە تاقیگەی کیمیایی" قەدەغە کراون.

زانکۆیەکان پێیان گوتراوە، کە چیتر بۆیان نییە 18 بابەتی دیاریکراو بە قوتابییان بخوێنن، چونکە دژی یاسای شەریعەتی ئیسلامە.

لەلایەکی دیکەوە، هەفتەی ڕابردوو، حکومەتی تاڵیبان فەرمانی قەدەغەکردنی تەواوەتیی هێڵی ئینتەرنێتی فایبەر ئۆپتیکی لە چەند پارێزگەیەکی باکووری ئەو وڵاتە دەرکردووە و گوتەبێژی بزووتنەوەکەش دەڵێت، ئەو هەنگاوە بە مەبەستی "رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی بەدڕەوشتی".

تەنانەت لە سەرەتای ئەم مانگەدا، لە کاتی بوومەلەرزە کوشندەکەی ئەفغانستان، تیمەکانی فریاگوزاری هاوکارییان پێشکەش بە ژنان نەدەکرد بەهۆی ڕێسا تووندەکانی تاڵیبانەوە، ئەو ژنانەشی کەوتبوونە ژێر دارووپەردووەکانەوە بەهیچ شێوەیەک هەوڵ بۆ ڕزگارکردنی ژیانیان نەدەدرا، چونکە دەبوایە چاوەڕێ بکەن تاوەکو تیمی فریاگوزاری ژنان بگەنە شوێنی ڕووداوەکان و هاوکاریی پێشکەش بە ئەوان بکەن.

هەندێک لە دیارترین ئەو ڕێسا و یاساییانەی لەسەر ژنانی ئەو وڵاتە پەیڕەو دەکرێن بریتین لە:

- بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە ژنان و کچان لە ناوەندە حکومییەکان و کۆمپانیا و ڕێکخراوەکان کار بکەن.

- کچان و ژنان تەنیا بۆیان هەیە تا پۆلی شەشی سەرەتایی بخوێنن، دواتر لە قوتابخانەکان دەردەکرێن و ڕێگەیان پێنادرێت قۆنا‌غەکانی دیکەی خوێندن ببڕن.

-  نابێت ژنان و کچان بەبێ پیاوەکانیان لە شوێنە گشتییەکان ببینرێن.

 ڕۆڵگێرانی ئافرەت و کچ و ژنان لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەکان بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

19 ئەیلوول 2025 09:36 59
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025