رووماڵی تاوان و کوشتن قەدەغە کرا
چیتر میدیاکان بۆیان نییە رووماڵی تاوان و رووداوەکانی کوشتن بکەن
بەهۆی کاریگەری خراپی رووماڵی کوشتن و تاوان لەسەر کۆمەڵگە، سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گشتاندنێکی دا رووماڵی میدیاکانی بۆ رووداوەکانی کوشتن و تاوان قەدەغە کرد.
فەرمانگەی میدیای و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەمەودوا رێگە بە هیچ کەناڵ و میدیایەک نادرێت، رووماڵ یان ڤیدیۆی کوشتن و تاوان و کاتی ئەنجامدانی بڵاو بکاتەوە.
بەپێی دەقی گشتاندنەکەی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەم بڕیارە لەسەر داواکارییەکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دراوە کە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کردووە، بۆ ئەوەی لە کاتی رووداوەکان رێڕەوی لێکۆڵینەوە و لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتی ژیانی خەڵک تێک نەدرێت.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە:
بۆ پاراستنی رێرەوی لیکۆڵینەوە یاساییەکان ڕووماڵی تاوان قەدەغە دەکرێت
بەپێی گشتاندنێكی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، كە ئاراستەی گشت وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەت كراوە، لەمەودوا ڕێگە بە هیچ كەناڵ و پەڕەی تۆڕی كۆمەڵایەتی نادرێت، دیمەن و ڤیدیۆی ڕووداوی تاوان و تۆمەتباران و شوێن و كاتی تاوانەكان بڵاو بكەنەوە و ڕووماڵی بکەن.
ئەم گشتاندنە لەسەر بنەمای داواكارییەكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بۆ ئەنجومەنی وەزیران کراوە، كە تێیدا داوای كردووە، بۆ پاراستنی ڕێڕەوی لێكۆڵینەوە و لایەنی دەروونی و كۆمەڵایەتیی ژیانی خەڵك و نەقۆستنەوەی ڕووداوەكان بۆ دووبەرەكیی سیاسی و كۆمەڵایەتی، ڕێگە نەدرێت ڕووماڵی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تاوان و تۆمەتباران بكرێت، ئەمەش لەپێناو سەلامەتیی گشتیی و ئاسایشی تاك و كۆمەڵگە، رێزگرتن لە رێرەوی لێکۆڵینەوە یاساییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری