خانەنشینان 8 مووچە بەسەر یەکەوە وەردەگرن

دادگەی فیدڕاڵی بڕیارێکی لە بەرژەوەندی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەرکرد
بە بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی عێراق مووچەکانیان هاوتاکرا، بڕیارە زیاتر لە 2 هەزار خانەنشین 8 مووچە بەسەریەکەوە وەردەگرن.
سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان ڕایگەیاند، زیاتر لە 2 هەزار خانەنشینی نوێ مامەڵەیان تەواو بووە و ناویان لە لیستی مووچەی مانگی ئاب زیادکراوە، هەر کاتێک مووچەی مانگی ئاب هات، زیاتر لە 2 هەزار کەس هەشت مووچە پێکەوە وەردەگرن.
جەختی کردەوە، پێویست بوو مامەڵەی خانەنشینان زووتر تەواو بکرایە، بە مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردووەوە، بەشێک لە خانەنشینان 9 مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.
بەگووتەی ناوبراو، لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە دەست بە راییکردنی مامەڵەی خانەنشینان کراوە.
لە رۆژی 22-11-2022، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا هاوشێوەی خانەنشیانی عێراق خانەنشینانی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان هاوتا بکرێت.