لیستی مووچەی مانگی 8 ڕادەستی بەغدا دەکرێت

وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی 8ـی ڕادەستی بەغدا کرد و سبەی سوودانی بڕیار لەسەر ڕاپۆرتی هەردوو شاندەکەی هەرێم و بەغدا دەدات
دوای دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران و ڕادەستکردنی لیستی مووچەی مانگی تەمووز، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی ئاب ڕادەستی بەغدا دەکات.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی هەشت ڕادەستی بەغدا دەکات و لەسەر هێڵ دەبێت، بۆ ئەوەی ئەگەر هەر کەموکوڕییەک لە لیستەکەدا هەبێت، بەزووترین کات چارەسەر بکرێت.
ناردنی لیستی مووچەی مانگی هەشت لە کاتێکدایە، کە پێش دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران لە هەفتەی ڕابردوودا، لیستی مووچەی مانگی تەمووز ڕادەستکرابوو و دوای ناردنی ئەم لیستە، دەبێتە دوو لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کە لای وەزارەتی دارایی عێراق بێت و پارەکەی خەرج نەکراوە.
ڕادەستکردنی ئەم لیستە لە کاتێکدا کە گفتوگۆکانی شاندی دانوستانکاری هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەردەوامە و پێش گەشتی محەممەد شیاع سوودانی بۆ بروکسڵی پایتەختی بەلجیکا، ڕاپۆرتێک لەسەر چۆنیەتی چارەسەری کێشەکان ڕادەستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە و چاوەڕوان دەکرێت، سبەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.