سوودانی بڕیار لە لەمپەرێکی بەردەم ناردنی مووچە دەدات

بۆچوونی شاندی عێراق لەبارەی ڕاپۆرتەکەی حکومەتی ههرێم ئەرێنی بووە و ئەمڕۆ سوودانی بڕیاری لەسەر دەدات
سوودانی بڕیار لە لەمپەرێکی بەردەم ناردنی مووچە دەدات
کۆبوونەوەی چارەنووسساز لە بەغدا لە بارەی پرسی مووچەی فەرمانبەران بەڕێوەدەچێت و سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ڕاپۆرتی شاندی هەرێم و بەغدا دەدات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەدیاریکراوی کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ ئەو شاندەی حکومەتی عێراق، کە هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ شاندی کوردستان کۆبوونەوەیان هەبوو، ڕاپۆرتێکی نوێیان ئامادە کردووە و دەیدەن بە سوودانی، ئەگەر ئەویش هیچ تێبینییەکی ئەوتۆی نەبێت، دەیباتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و پەسەند دەکرێت، بەڵام ئەگەر تێبیبنیشی لەسەر هەبوو داوا لە لێژنەکانی هەردوولا دەکات چارەسەرێک بدۆزنەوە، بەمەش یەکلاییکردنەوەی ئەم پرسە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو.
لە ڕاپۆرتکەدا باسی سەرجەم داهاتی نێوخۆی تێدایە، بە گومرگ و دەروازە سنوورییەکان و هەموو داهاتەکانی ترەوە.
هەفتەی ڕابردوو، شاندی حکومەتی هەرێم بە شاندی عێراقییان گوتووە، بۆ 50%ـی داهاتی نانەوتی ئەوان پشت بە بڕگەی دوو لە ماددەی 51ـی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی دەبەستن، کە تێیدا هاتووە، داهاتی گومرگی و دەروازە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکان 50% بۆ هەولێر و سەدا 50 بۆ حکومەتی عێراق.
هاوکات بهگوێرهى سهرچاوهیەکی حكومهتى عێراق، شاندەکەی عێراق تێگەیشتنی باش و ئەرێنییان سەبارەت بە بۆچوونەکانی شاندی هەرێم هەیە لەبارەی داهاتی نانەوتی.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ شەممە، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای دەکات، کۆبوونەوەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق زۆر چووەتە پێشەوە، لەم چەند ڕۆژەدا هەردوو حکومەت دەگەنە رێککەوتن.