دەرهێنانی کارتی نیشتیمانی گۆڕانکاری بەسەردا دێت

وەزارەتی ناوخۆی عێراق سیستمێكی نوێ بۆ دەرهێنانی كارتی نیشتمانی دەخاتەكار كە تیایدا دەتوانرێت منداڵ دەستبەجێ دوای لەدایكبوونی كارتی نیشتمانی بۆ دروستبكرێت
لە ساڵی داهاتوو دەرهێنانی کارتی نیشتیمانی گۆڕانکاری بەسەردا دێت و تایبەتمەندی نوێی بۆ زیاد دەکرێت.
لیوای مافپەروەر ئەحمەد حەدید، بەڕێوەبەری ڕەگەزنامە و زانیاریی شارستانیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی ئەلعێراقیەی ڕاگەیاندووە، لە سەرەتای ساڵی 2026، بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی و خزمەتگوزاری نوێوە، سیستمی نوێی دەرهێنانی كارتی نیشتمانیی پەیڕەو دەكرێت.
لەو سیستەمە نوێیەدا، تێیدا بەشی وردبینی ناوەندی كارا دەكرێت، كە توانای وردبینكردنی مامەڵەی سەرجەم فەرمانگەكانی كارتی نیشتمانی هەیە و ژمارەیان 328 فەرمانگەیە، لەگەڵ 21 بەشی تۆماركردنی ناوەندی و 8 نووسینگە لە باڵیۆزخانەی عێراق.
لە بارەی تایبەتمەندییەکانی ئەم سیستەمە نوێیە، بەڕێوەبەری ڕەگەزنامە و زانیاریی شارستانیی عێراق ئەوەی خستەڕوو، زیادکردنی ناوی منداڵی تازە لەدایكبوو، كە دوای دەركردنی بەڵگەنامەی لەدایكبوون دەتوانرێت دەستبەجێ كارتی نیشتمانی بۆ دەربهێنرێت، ئەمەش پێچەوانەی سیستەمی ئێستا كە ناتوانرێت منداڵی خوار 12 ساڵ تۆمار بكرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەحمەد حەدید ئەوەشی گووتی، بەپێی دوایین ئامار، تا رۆژی 1ـی ئەیلوول 46 ملیۆن و 241 هەزار و 111 هاووڵاتی كارتی نیشتمانییان بۆ دروستكراوە.