پایتەخت

بەشداری نوێژی هەینی نەکەی سزای دارایی دەدرێی و زیندانیش دەکرێی

کورتە

بڕیارێکی وەڵاتێکی ئیسلامی لەسەر نوێژی هەینی کاردانەوەی زۆری لە جیهان دروست کرد

بەشداری نوێژی هەینی نەکەی سزای دارایی دەدرێی و زیندانیش دەکرێی

بەڵێ، بەڕاستمە، سەردەمەکە گۆڕاوە، بەخۆشی ناهێیتە مزگەوت، ئێمە بەزۆر دەتانهێنین و ئەگەر پیاویشی، بەشداری نوێژی هەینی ناکەی، بزانە چۆن دوو ساڵ زیندانی دەکرێی. ئەمە قسەی من نییە، دەسەڵاتدارانی وڵاتێکی ئیسلامی وا دەڵێن.

بڕیارێکی وەڵاتێکی ئیسلامی لەسەر نوێژی هەینی کاردانەوەی یەکجاری زۆری لە میدیای جیهان دروست کرد، چونکە بەزۆر وا دەکات خەڵکی بەشداری نوێژی هەینی بکەن، ئەگەر بەشداریش نەکەن، سزا دارایی دەدرێن و زیندانیش دەکرێن.

بۆ ئەوەی موسڵمانانی مالیزیا زیاتر پابەندی ئەرکە ئایینییەکان بن، دەسەڵاتدارانی ویلایەتی تێرێنگانو کە لەلایەن پارتی پان مالیزی ئیسلامی بەڕێوەدەبرێت، ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند کە ئەو کەسانەی بەشداری نوێژی هەینی ناکەن، بەبڕی ٣٠٠٠ ڕینگاتی مالیزی کە دەکاتە ٧٠٨ دۆلار سزا دەدرێن و ئەگەر بگاتە سێ هەینی، سزای زیندانی دەکرێن و سزاکەش لە نێوان ساڵێک بۆ دوو ساڵ دەبێت.

ئینجا سزاکە هەر ئەوەندە نییە، بەڵکو توندتر کراون و ئەمرۆ محەممەد خەلیل عەبدولهادی، ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری ویلایەتی تێرێنگانو هۆشداریدا و رایگەیاند، سزاکە بۆ سێ هەینی نییە، بەڵکو ئەگەر پیاوان یەک هەینیش بەبێ هۆکار نەیەنە مزگەوت، سزای دارایی دەدرێن.

ئینجا ڕۆژنامەی بێریتا هەریانی مالیزیا لێدوانێکی ئەم کاک محەممەدەی داناوە کە گوتووەیت؛ ئەم سزایە بۆ ئەوە دانراوە موسڵمانان گوێڕایەڵ بکرێن، چونکە نوێژی هەینی تەنها هێمایەکی ئایینی نییە، بەڵکو دەبێت ئەرکە ئایینییەکانیش ئەنجام بدرێن.

وڵاتی مالیزیا خاوەنی سیستمێکی یاسایی دوانەییە کە لە یاسای مەدەنی و یاسای شەرعی پێکدێت. ئینجا رۆژنامەی نیو ستریت تایمزی مالیزی ئەو رێکارانانەی بڵاوکردووەتەوە و نوسیوویەتی بڕیارەکە راستەوخۆ دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن، چونکە ویلایەتەکان دەسەڵاتیان هەیە کە یاسای شەرعی تایبەت بە خۆیان بۆ موسڵمانان دەربکەن لە بوارەکانی وەک کارووباری خێزانی و هەندێک تاوانی دیاریکراودا، ئەم یاسایەی تێرنگانوش لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتەدا جێبەجێ دەکرێت.

رۆژنامەی مالی مەیلی مالیزی نوسیوویەتی، جگەلە ڕاگەیاندراو و هۆشداری، حکومەتی خۆجێیی ئەو هەرێمە لافیتەی گەورە لە سەر دیواری مزگەوتەکان و شوێنە گشتییەکان نمایش دەکات تا موسڵمانان ئاگاداری بریارەکە بن.
ئەم بڕیارەی هەرێمی تێرنگانو کاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی مالیزی و وڵاتانی ئیسلامی و جیهان دروست کردووە، بەشێکیان دەڵێن ئەمە دەستوەردانە لە ژیانی تایبەتی کەسی و بەشێکیشیان دەڵێن، هەرێمەکە مافی خۆیەتی چۆن یاسا دادەنێت و چ رێکارێک دەگرێتە بەر.

تۆ لە کۆمێنت، ڕای خۆت لەسەر ئەم بڕیارە بنووسە

01 ئەیلوول 2025 16:34 11
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025