پایتەخت

چیرۆکی ئەو پیاوەی مەرگی دەفرۆشت

کورتە

"حەجاجی نوگرە سەلمان" ئەو پیاوەی بووبووە کابووسی بیابان و گۆڕستانی هەزاران ڕۆحی بێتاوان

ئەو کاتەی برسیەتی بوو بە چەک: حەجاجی نوگرە سەلمان، چیرۆکی ئەو پیاوەی مەرگی دەفرۆشت

لە مێژوودا هەندێک ناو هەن کە تەنها بە بیستنیان، بۆنی خوێن و ئازاریان لێ دێت. "حەجاجی نوگرە سەلمان" ئەو پیاوەی بووبووە کابووسی بیابان و گۆڕستانی هەزاران ڕۆحی بێتاوان.

 ئەمڕۆ، دوای دەیان ساڵ لە بێدەنگی و خۆشاردنەوە لەناو ئەفسانەی مردنی خۆیدا، ئەو کابووسە زیندوو بوویەوە و لەبەردەم دادگادا، دانی بەو ڕاستییە تاڵەدا نا کە تەنانەت شەیتانیش شەرمی لێدەکات.

دانپێدانانێک لەناو دڵی جەهەنەمەوە
"بەڵێ، برسیکردنمان وەک چەک بەکاردەهێنا."

ئەمە وتەی عەجاج ئەحمەد حەردان ئەلعوبێدی بوو. ڕستەیەک کە مێژوویەکی لە ئازار و مەرگی هێواش لەخۆگرتووە. 

ئەو باسی کوشتنی بە گوللە نەکرد، باسی لەناوبردنی بە چەقۆ نەکرد. ئەو باسی چەکێکی ترسناکتری کرد: چەکی برسێتی. ئەو چەکەی کە قوربانییەکە لەبەردەم چاوی خۆیدا، ڕۆژ دوای ڕۆژ، گیانی دەتوێتەوە.

"لە ماوەی ١٠ مانگدا، دوو لەسەر سێی زیندانییەکان گیانیان لەدەستدا."
ئەمە ئامار نییە، ئەمە دانپێدانانە بە کۆمەڵکوژییەکی بێدەنگ، کۆمەڵکوژییەک کە تێیدا مەرگ بەسەر نان و ئاودا دابەش دەکرا.

 حەجاج، ئەو خوێندکارەی کۆلێژی ئاسایشی نەتەوەیی، بە وردی فێری ئەندازیاریی مەرگ ببوو. ئەو دەیزانی چۆن ژیان لە جەستەکاندا بکوژێنێتەوە، بەبێ ئەوەی یەک فیشەک بتەقێنێت.

 

نوگرە سەلمان: شانۆی مەرگی هێواش

بەپێی دانپێدانانەکەی حەجاج، کاتێک لە ساڵی ١٩٨٩ بووە بەڕێوەبەری ئەو قەڵا بیابانییەی مەرگ، سەرەتا ٤٠٠ زیندانی عەرەبی لێبووە. بەڵام دواتر وەک ئەوەی شانۆکە بۆ نمایشێکی گەورەتر ئامادە بکرێت، زیندانەکە بەتاڵ کرا و کاروانێک لە ٤ هەزار ڕۆحی کوردی بێتاوان، کە لە ژن و پیاو و منداڵ پێکهاتبوون، تێیدا بەند کران.

لێرەوە چیرۆکی تراژیدیای نان دەستی پێکرد، نان بوو بە دەسەڵات، ئاو بوو بە خەون، هاواری بێدەنگی سکی برسی، بووە سەمفۆنیای ڕۆژانەی نوگرە سەلمان. 
حەجاج، وەک سەرۆکی دەزگای ئاسایشی چەندین شار لەوانە (هەولێر، بەسیە، موسەننا، رەمیسە، نەجمی)، شارەزاییەکی تەواوی لە هونەری ئەشکەنجەداندا هەبووە. بەڵام لە نوگرە سەلمان، ئەو هونەرەی گەیاندە لووتکە. ئەو مرۆڤەکانی دەکرد بە سێبەر، پاشان سێبەرەکانیشی دەسڕییەوە.

حەجاج بۆ ساڵانێکی درێژ، بووبووە ئەفسانە. دەوترا مردووە و فایلەکەی داخراوە. بەڵام دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دوای شەش مانگ لە کاری هەواڵگریی ورد، ئەو ئەفسانەیەیان هەڵوەشاندەوە. کابووسەکەیان لە پارێزگای موسەننا، لەناو خەڵکدا دۆزییەوە؛ ئەو پیاوەی کە دەستی درێژی ڕژێمی بەعس بوو لە ڕاگواستن و کۆمەڵکوژی، وەک هاوڵاتییەکی ئاسایی دەژیا.

دەستگیرکردنی حەجاج و دانپێدانانەکەی ئەمڕۆی، تەنها دادگاییکردنی پیاوێک نییە. زیندووکردنەوەی یادەوەری هەزاران قوربانییە. گوێگرتنە لەو هاوارانەی کە لەناو گەرووی برسییەتیدا خنکان.

 ئەمڕۆ، حەجاج لەبەردەم دادگایە، بەڵام لە ڕاستیدا، مێژوویەکی ڕەش و خوێناویی ڕژێمێکە کە دادگایی دەکرێت. ئەو برینە کۆنانەی کە وا دەزانرا ساڕێژ بوون، ئەمڕۆ بە دەمی خاوەنەکەیانەوە، جارێکی تر سەریان کردەوە و خوێنیان لێدەتکێت.

01 ئەیلوول 2025 16:30 6
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025