پایتەخت کاتی ناردنی پارە لە بەغدا و دابەشکردنی مووچە ئاشکرا دەکات

بە کەمتر لە هەفتەیەک تەواوی مووچەخۆران مووچەکانیان وەردەگرن
دوای لێکتێگەیشتنی هەولێر و بەغدا بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوو دا رێکارەکان لە وەزارەتی دارایی عێراق تەواو بن و بڕیاری خەرجکردنی پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدرێت.
بەیانی ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بری 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، ئەمەش وەکو بەشێک لە مەرجەکانی خەرجکردنی مووچە لە لایەن بەغداوە.
شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، هیچ گرفتێک لەبەردەم ناردنی مووچەی مانگی 6 نەماوە، ئەمەش دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ هەرێم پارەی داهاتی نانەوتی خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بۆیە ئەگەر تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە ئەنقەست تاخیری نەکات و بیەوێت، لە چەند کاتژمێری داهاتوو پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم و راستەوخۆ رێکارەکانی دابەشکردنی مووچە لە هەرێمەوە دەستپێدەکەن.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، رێکاری تەواو بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 6 کراوە و لەگەڵ گەیشتنی پارەی مووچە لە بەغداوە، ڕاستەوخۆ کارەکانی دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکەن.
ئەو سەرچاوەیە شێوازی خشتەی مووچەی ئەم مانگەی بۆ پایتەخت میدیا ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە شێوازەکەی ناکرێت و لەسەر هەمان خشتەی مانگەکانی رابردوو، مووچەکە دابەش دەکرێت.
پایتەخت میدیا زانیویەتی، هەر لە ئەمڕۆوە بانکەکانی بەشدار لە هەژماری من، کارەکانیان دەستپێکردووە بۆ پڕکردنەوەی ئامێرەکانی پارە ڕاکێشان لە تەواوی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لە کاتی گەیشتنی پارەکە، راستەوخۆ پارەکە بخەنە سەر هەژماری ئەو مووچەخۆرانەی لە بانکەکانیان بەشدارن.
چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوو دا، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی پارەی مووچەی مانگی حوزەیران بدات و ئەگەر پارەکە خەرج بکرێت، رۆژی شەممە دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات و بە کەمتر لە هەفتەیەک، تەواوی مووچەخۆران مووچەکانیان وەردەگرن.