بە تۆمەتی هەڵخەڵەتاندنی خەڵک کاندیدێکی هەڵبژاردنی عێراق دەستگیر کرا

بەربژێرێک بۆ بەدەستهێنانی دەنگ پارە و بەڵێنی دامەزراندنی لە دامودەزگاکانی حکومەت بە خەڵک داوە
بەربژێرێکی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تاوانی هەڵخەڵەتاندنی دەنگدەران لە ژێر ناوی دامەزراندن، وەرگرتنی قەرز و گەندەڵی دەستگیر کراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، دادگەی لێکۆڵینەوەی دووەمی کەرخ لە بەغدا ڕایگەیاند، بەربژێرێکی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەهۆی ئەوەی پارەی بە دەنگدەران داوە تاوەکو دەنگ بکڕێت و بەڵێنی دامەزراندن لە دامودەزگا حکومییەکان و وەرگرتنی قەرزی بە خەڵک داوە، دەستگیر کرا.
دادگای لێکۆڵینەوەی دووەمی کەرخ ئاشکرای کردووە، کە ئەو بەربژێرە تۆمەتبارە بە پێشکەشکردنی هاوکاریی دارایی بەدەنگدەران، هەروەها پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی بەکارهێناوە بۆ فریودانی دەنگدەران بەڵێنی دامەزراندنی لە دامودەزگاکانی حکومەت پێداون، هەروەها بەڵێنی وەرگرتنی قەرز و وەرگرتنی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی پێداون لە بەرامبەر دەنگ پێدانی، لە ئێستاشدا لە زیندان ڕاگیراوە و پەڕاوی یاسایی بۆ کراوەتەوە.