وەزارەتی پەروەردە بڕیاری داوە، سەرەڕای ئەوەی ڕۆژانی شەممە پشووی قوتابخانەکانە، بەڵام لە ساڵی نوێی خوێندن تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزەکان لەم ڕۆژەدا ئەنجام بدرێت.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تاقیکردنەوەکان کە ئاڕاستەی هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە کراوە، وەرزی یەکەمی خوێندن لە 20ی ئەیلولی 2026 دەستپێدەکات و 72 ڕۆژ دەخایەنێت، هاوکات تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم لە 15ی کانونی یەکەم دەستپێدەکات و لە 25ی کانونی یەکەم تا 2ی کانوونی دووەمی 2027 پشووی وەرزی یەکەم دەبێت.
بەپێی ساڵنامەکە، وەرزی دووەمی خوێندن لە 3ی کانوونی دووەمی 2027 دەستپێدەکات و تێیدا 89 ڕۆژی خوێندن دەبێت. لەم وەرزەدا تاقیکردنەوەی نووسینەکیی نیوەی وەرزی دووەم لە پاش 15ی شوباتی 2027 ئەنجام دەدرێت.
هاوکات تاقیکردنەوەی کۆتایی خولی یەکەمی پۆلە ناکۆتاکان و نیشتمانیی پۆلی 9ی بنەڕەتی لە 2ی ئایاری 2027 بەڕێوەدەچێت، تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی (خولی یەکەم) لە 31ی ئایاری 2027 دەستپێدەکەن.
وەزارەتی پەروەردە جەخت دەکاتەوە، ڕۆژانی شەممە تاقیکردنەوەکانی تێدا ئەنجام دەدرێت (بە تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز، نیشتمانی و گشتییەکانەوە).
ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی دوو ساڵە وەزارەتی پەروەردە ڕۆژانی شەممەی لە قوتابخانە حکومییەکاندا کردووەتەوە پشووی فەرمی و دەوامی ئاسایی تەنها لە ڕۆژی یەکشەممەوە تاوەکو پێنجشەممەیە.