نەوەی نوێ لە ئۆپۆزسیۆنبوون بەردەوام دەبێت و بەفەرمی ڕەتیکردەوە بەشداری لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدا بکات.
کەمێک لەمەوبەر هیمداد شاهین، گوتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، وەک نەوەی نوێ بەهیچ شێوەیەک بەشداریی حکومەتی نوێی هەرێم ناکەین و بە ئۆپۆزسیۆنیی دەمێنینەوە.
نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان توانی 15 کورسی پەرلەمان بەدەست بهینێت.
ئەم هەڵوێستەی جوڵانەوەکە لە کاتێکدایە، ماوەی دوو مانگ بەسەر ڕێککەوتنیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەژێر ناوی "هاوسەنگی و بووژانەوە" تێدەپەڕێت.