دوای سێ ساڵ لە بەڵێنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گۆڕینی سیستەمی دابەشکردنی مووچە، ئێستا یەک ملیۆن هاووڵاتی لە ڕێگەی بانکە هاوبەشەکانەوە مووچەکانیان بە ئەلیکترۆنی وەردەگرن.

 

کەمێک لەمەوبەر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا سەرکەوتنی پرۆژەی "هەژماری من"ی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەفتەیە ژمارەی تۆمارکراوان لە پرۆژەکدا گەیشتووەتە یەک ملیۆن مووچەخۆر.

 

مەسرور بارزانی باسی لەوە کرد، سێ ساڵ لەمەوبەر بەڵێنی گواستنەوەی سیستەمی دابەشکردنی مووچەیان لە نەختینەیییەوە بۆ بانکی داوە، و لە ئێستاشدا یەک ملیۆن هاووڵاتیی لە ڕێگەی بانکە هاوبەشەکانی مۆڵەتپێدراوی بانکی ناوەندیی عێراقەوە مووچەکانیان بە ئەلیکترۆنی وەردەگرن.

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، پرۆژەی "هەژماری من" بنەمایەکی گرنگە بۆ فراوانکردنی گشتگیریی دارایی، ئاسانکاری بۆ دەستڕاگەیشتن بە قەرز و خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، و بەدیهێنانی سەربەخۆیی دارایی بۆ هاووڵاتییان.

 

لە بەشێکی پەیامەکەدا هاتووە، بەهۆی ئەم پرۆژەیەوە و لە ڕێگەی تۆڕی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM)، کۆتایی بە نۆرەی درێژ و چاوەڕوانیی مووچەخۆران لەبەردەم باڵەخانە حکومییەکاندا هاتووە.

 

لە کۆتایی پەیامەکەدا، مەسرور بارزانی سوپاسی پشوودرێژیی هاووڵاتییان، پشتگیریی بانکە هاوبەشەکان و ماندووبوونی تیمی "هەژماری من"ی دەکات، بۆ بەجێگەیاندنی ئەم پرۆژە نیشتمانییە.