پارێزگاری سلێمانی بە فەرمی داوای لێبوردنی لە سەرجەم خانەنشینان کرد سەبارەت بە ڕووداوەکەی ئەمڕۆی بانکی مەڵکەندی و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی یاساییی ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا داوای لێبوردنی لە خانەنشینان کرد بۆ هەر کاردانەوە و دۆخێکی نەخوازراو کە لە کاتی دابەشکردنی مووچە لە بانکی مەڵکەندی ڕووی داوە.
پارێزگاری سلێمانی ڕوونی کردەوە کە لێکۆڵینەوەی ورد و خێرایان لە ڕووداوەکە دەست پێ کردووە و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانیان ڕاسپاردووە ڕێکاری پێویست بگرنە بەر.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر جەختی کردەوە، هەر کەمتەرخەمییەک لە لایەن کارمەند و دامەزراوە حکومییەکانەوە بسەلمێنرێت، ڕێکاری توندی یاسایییان لە بەرامبەردا دەگیرێتە بەر.
هاوکات داوای لە خانەنشینان و هاووڵاتییان کرد هاوکار و هەماهەنگی کارمەندان و دامەزراوە فەرمییەکان بن، لە پێناو ئەوەی خزمەتکردنی هاووڵاتییان بە شێوازێکی شایستە و لەبار بەڕێوە بچێت.