سەرۆکی نوێی سووریا دانی بەوەدا نا کە بەهۆی گرانیی نرخەکان و بڕیاره ئابوورییهكانیهوه بهشێک له خەڵک سەردەمی بەشار ئەسەد، سهرۆكی پێشووی سووریایان پێ باشترە.
ئهمڕۆ لە پەراوێزی لووتکەی میدیای عەرەبی لە دوبەی، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە لێدوانێکدا وەڵامی ناڕەزایەتییەکانی شەقامی وڵاتەکەی دایەوە کە بەهۆی گرانیی نرخ و سووتەمەنی دژی دەسەڵاتی نوێ لە دیمەشق دەستی پێکردووە.
سەرۆکی سووریا بهشێوهیهكی چاوەڕواننەکراودا ڕایگەیاند، بەهۆی بڕیارە ئابوورییە شۆکهێنەرەکانی ئێستایانەوە، ڕەنگە هەندێک کەس سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بە باشتر بزانن.
شەرع ڕوونی کردەوە کە وڵاتەکەی لە قۆناخێکی ڕاگوزەری هەستیاردایە لە سیستەمێکی سۆسیالیستیی پڕ لە گەندەڵی و بیرۆکراسیی 60 ساڵەی سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و بەعسەوە بۆ ئابوورییەکی کراوە و ئازاد ههنگاوی ناوه.
جەختی کردەوە کە ئەم قۆناخە پێویستی بە بڕیارگەلێکی شۆکهێنەر هەیە کە بەدڵی هەمووان نییە، هەر لەبەر ئەمەشە بەشێک لە خەڵک بەهۆی قورسیی دۆخەکەوە سەردەمی بەشار ئەسەدیان لەلا باشترە.
ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوە دا کە قەبارەی ئابووریی سووریا لە ساڵی 2010 و لە سەردەمی بەشار ئەسەددا تەنیا 60 ملیار دۆلار بووە و لە کاتی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ئەسەد لە ساڵی 2024دا بۆ 20 ملیار دۆلار داڕمابوو، بەڵام ئێستا ئابووریی وڵاتەکە لە گەشەدایە و لە 32 ملیار دۆلاری ساڵی 2025ەوە، پێشبینی دەکرێت لەمساڵدا بگاتە 50 ملیار دۆلار و لە ساڵانی داهاتووشدا بەربەستی 200 ملیار دۆلار بشکێنێت.
ئهمه لهكاتێكدایه، له سووریا بەهۆی هەڵکشانی لەڕادەبەدەری نرخی سووتەمەنی، هەڵوەشاندنەوەی پاڵپشتییە دارایییەکان و گرانیی بژێوی بەشێک لە هاووڵاتییان ناڕهزاییان له بارودۆخ و بژێوییان دهربڕیوه و لەگەڵ سەقامگیریی نرخەکانی سەردەمی پێشووی بەشار ئەسەد بەراوردی دەکەن.