وا بڕیارە سبەی کۆبوونەوەی ئاساییی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی چەندان دۆسیەی چارەنووسساز لە پێشینەی کارنامەی حکومەتدا بەڕێوە بچێت.

 

سبەی چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیران بەسەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە و لە تەوەری یەکەمدا، وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا وردەکاریی پلان و ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 دەخەنە ڕوو.

 

بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە ئەم تەوەرە دەخاتە ڕوو، بەمەبەستی دابینکردنی پێداویستیی ناوەندەکانی خوێندن و دڵنیابوونەوە لە دەستپێکی پڕۆسەیەکی سەرکەوتووی پەروەردەیی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا.

 

لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان هەڵسەنگاندنی زانستی بۆ بڕیارەکانی حکوومەتی فیدراڵ سەبارەت بە ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی 2024 پێشکەش دەکات؛ ئەم هەنگاوە تیشک دەخاتە سەر کاریگەرییەکانی سەرژمێری لەسەر دیاریکردنی قەبارەی پشکی شایستە دارایی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هاوکات هەڵوێستی فەرمیی هەولێریش لەوبارەیەوە دیاری دەکات.

 

تەوەری سێیەمی دانیشتنەکە بۆ گفتوگۆکانی شاندی باڵای دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی، نەوت و پلاندانانی عێراق لەبارەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ەوە تەرخان کراوە.

 

لەم تەوەرەیەدا، شاندەکە ئەنجامی ڕاوێژ و هەماهەنگییەکانی لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراقدا دەخاتە ڕوو، بەئامانجی پاراستن و چەسپاندنی تەواوی شایستە دارایییەکانی خەڵکی کوردستان لە یاسای بودجەی داهاتوودا.

 

پەیوەندییە داراییەکانی هەولێر و بەغدا بەردەوام بەستراونەتەوە بە پرسی نەوت، پشکی بودجە و داتای ڕاستەقینەی دانیشتووانەوە؛ ئەم کۆبوونەوەیەش لەکاتێکدایە کە هەردوو لا لە هەوڵی بەردەوامدان تا بگەن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر یاسای بودجە و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان.