لە ژاپۆندا ژمارەی ئەو کەسانەی کە تەمەنیان 100 ساڵ یان زیاترە بۆ یەکەم جار 100 هەزار کەسی تێپەڕاند، بەمەش ژمارەیەکی پێوانەییی نوێی تۆمار کرد.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی، کار و چاودێریی کۆمەڵایەتیی ژاپۆن بڵاوی کردەوە کە ژمارەی ئەو کەسانەی تەمەنیان 100 ساڵ یان زیاترە، گەیشتووەتە 107 هەزار و 677 کەس؛ ئەمەش بەبەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بە نزیکەی 8 هەزار کەس زیادی کردووە.

 

وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە ژنان زۆرینەی ڕەهای ئەو کەسانە پێک دەهێنن کە تەمەنیان لە سەرووی 100 ساڵەوەیە و ڕێژەی 88%ی کۆی گشتی پێک دەهێنن؛ وەزارەت هۆکاری ئەم تەمەندرێژییەش بۆ خۆراکی هاوسەنگ و سیستەمی چاودێریی تەندروستی دەگەڕێنێتەوە.

 

بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستدان، ژمارەی دانیشتووانی ژاپۆن نزیکەی 123 ملیۆن کەسە، بەڵام بەهۆی دابەزینی ڕێژەی لەدایکبوون بۆ نزمترین ئاست لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، ژمارەی دانیشتووانەکەی بەردەوام ڕوو لە کەمبوونەوەیە.