قەسابێک لە ئەڵمانیا دوو کوردی دا بەر چەقۆ

لە ئەڵمانیا لەسەر جیاوازی بیروڕای ئایینیی قەسابێک بە چەقۆ هێرش دەکاتە سەر دوو هاووڵاتیی کورد
بەهۆی جیاوازی بیڕووڕای ئایینییەوە، دوو کورد لە ئەڵمانیا بە چەقۆ هێرشیان دەکرێتەسەر.
پێگەی هامبورگەر مۆر جێن پۆستی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، لە کارگەیەکی قەسابی شارۆچکەی کویکبۆڕنی ئەڵمانیا، پیاوێکی تەمەن 45 ساڵانی خەڵکی ئێران، بە چەقۆی گۆشت هێرشی کردە سەر دوو هاوپیشەی کوردی ئێزدی خەڵکی شێخان و کوردێکی ئێزدی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان.
لە کاتی هێرشەکە هەردوو هاووڵاتییە ئێزدییەکان بەرگرییان کردووە و ڕووبەڕووی هێرشبەرەکە بوونەتەوە، بەڵام لەلایەن هێرشبەرەکەوە هەردووکیان بەچەقۆ بە سەختی بریندار کراون، دواتریش لەلایەن هاوکارە کرێکارەکانی دیکەوە هێرشبەرەکە وەستێندراوە تاوەکو پۆلیس گەیشتووە و دەستگیریان کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، هێرشەکە بەهۆی جیاوازی بیرووڕای ئایینییەوە بووە، هەرچەندە پۆلیس ڕەتی کردووەتەوە زانیاری ورد و زیاتر لە سەر ڕووداوەکە بخاتەڕوو، بەڵام جەختی دەکاتەوە کە هێرشبەرەکە و قوربانییەکان چەندین ساڵە بەیەکەوە لەم شووێنە کار دەکەن و هاوڕێی یەکترن.