ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی سووریا دەکات
بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتە نوێیەکەی سووریا، ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.
دوای زیاتر لە 15 ساڵ دابڕان، بۆ یەکەمجار ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە حکومەتە نوێیەکەی سووریا سەردانی ئەو وڵاتەی کرد.
ئەمڕۆ ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند، ئەنتۆنیۆ گوتێرش، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای 17 ساڵ دابڕان لە وڵاتی سووریا، بۆ یەکەمجار سەردانی ئەو وڵاتەی کردەوە بە مەبەستی دووپاتکردنەوەی پشتیوانی لە بنیادنانی دەوڵەتێکی سەقامگیرتر و گشتگیرتر.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، لە کاتی گەیشتنی شاندەکەی گوتێرش بۆ فڕۆکەخانەی دیمەشقی پایتەختی وڵاتەکە، لەلایەن ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا پێشوازییان لێ کرا. بڕیار وایە 3 ڕۆژ لە وڵاتەکەدا بمێنێتەوە و لە میانەی ئەم سەردانەیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆببێتەوە.
دوای زیاتر لە ساڵێک و نیو لە دەستبەکاربوونی شەرع وەک سەرۆکی وڵاتەکە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، ئەمە یەکەم سەردانی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ سووریا دوای ئەو سەردانەی کە بان کی مۆن، ئەمینداری گشتیی پێشوو لە ساڵی 2009دا ئەنجامی دابوو.
ئەنتۆنیۆ گوتێرش، سیاسەتمەدارێکی پورتوگالییە، لە 30ی نیسانی 1949 لە پایتەختی پورتوگال لەدایکبووە. لە نێوان ساڵانی 1995 بۆ 2002 سەرۆکوەزیرانی پورتوگال بووە و لە 1ی کانوونی دووەمی 2017ـەوە وەک ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کار دەکات.