عەلی زەیدی: کۆتایی بە کێشەکانی نێوان ئێمە و کوردستان دەهێنم
نوێترین لێدوانی زەیدی لەسەر کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا بزانە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق چارەنووسی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق ئاشکرا دەکات و ڕوونکردنەوەی نوێشی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە دەربڕی.
ئەمڕۆ پێنجشەمە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی حەدەس ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگە لە عێراق و دۆسیەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێدەهێنێت.
هەر لە هەمان چاوپێکەوتندا لەبارەی دۆسییەکانی گەندەڵی لە عێراق عەلی زەیدی گوتی:" تائێستا هیچ پەیوەندییەکی ناوخۆیی و دەرەکی نەبووە بۆ ئازادکردنی ئەوانەی بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون یانیش ئەوانەی تۆمەتبارن تا دەستگیر نەکرێن، بەڵام دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی بووە هۆی ئاشکراکردنی تێوەگلانی ژمارەیەک خەڵکی تر".
دادگای عێراق بەگوێرەی یاسا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەو کەسانە دەرکرد، کە لەم دۆسیەیەدا تێوەگلاون و فەرمانی دەستگیرکردنەکانیشی بۆ حکومەت نارد کە لایەنی جێبەجێکاری فەرمانەکانە، زەیدی ڕوونیشی کردەوە ئەو تانک و زرێپۆشانەی لە هەڵمەتی بەرەبەیاندا بەکارهێندران، تەنها بۆ داخستنی ناوچەی سەوز بوو.
بە فەرمانی عەلی زەیدی 'هەڵمەتی بەرەبەیان' لە 28ی حوزەیرانی 2026 بۆ دەستگیرکردنی دەیان پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵا لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی دەستپێکرد، ئەم هەنگاوەی حکومەتی عێراق دوای دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت هاتن، کە پەردەی لەسەر تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی لادا.