سوچەڕێک دوای یەک ڕۆژ مانەوەی لە زیندان ئازاد کرا
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان ئازادکردنی سوچەڕەکەی ڕاگەیاند.
دوای ئەوەی دوێنێ بە بڕیاری دادوەر سوچەڕێک لە لایەن پۆلیسی دارستانی کەلارەوە دەستبەسەر کرا، ئەمڕۆ بە فەرمانی فەرمی دادوەری لێکۆڵینەوە ئاژەڵەکە لەگەڵ دوو باڵندەی دیکە گەڕێندرانەوە بۆ باوەشی سروشت و ژینگەی ناوچەکە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی دوێنێ چوارشەممە هاووڵاتییەک بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی کەلاری لە گەڕەکی حەمرین ئاگادار کردەوە لە هەبوونی ئاژەڵێکی کێوی لە جۆری (سوچەڕ)، مەفرەزەکانی پۆلیس پاش وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی کەلار، سووچەڕەکەیان هێنایە بەشی کەلار.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان ڕوونیکردەوە، ئەمڕۆ بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، لەلایەن ڕائید سیامەند حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی کەلار، سووچەڕەکە گەڕێندرایەوە بۆ باوەشی سروشت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان هاتووە، لەگەڵ ئەو ئاژەڵەدا، دوو باڵندە لە جۆری (واشە) کە ئەوانیش لەلایەن هاووڵاتییەکەوە هێنرابوون، ئازاد کران بۆ نێو سروشت و ژینگەی ناوچەکە.