Banner
پایتەخت

چەند فەرمانبەرێک کەرەستەی کارەبایان بە بەهای 2 ملیار دینار دزیوە!

چەند فەرمانبەرێک کەرەستەی کارەبایان بە بەهای 2 ملیار دینار دزیوە!
کورتە

دەستەی دەستپاکی دزینی کەرەستەی کارەبای بە بەهای دوو ملیار دینار ئاشکرا دەکات.

دەستەی دەستپاکی عێراق دزینی چەندین کەرەستەی کارەبایی بە بەهای 2 ملیار دینار ڕادەگەیەنێت، لەسەر هەمان دۆسیەش چوار فەرمانبەری تۆمەتبار دەستگیر دەکات.

ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، تیمێکی تایبەت لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دیالە چوونەتە لقی کۆمپانیای گشتیی دابەشکردنی کارەبا لە پارێزگاکە، دوای وردبینیکردنی بەڵگەنامەکانی گواستنەوەی کۆگا بۆ ساڵانی 2022-2025 و بەراوردکردنیان لەگەڵ سیستمی کۆمپیوتەری کۆگاکاندا، دەرکەوتووە کە کەرەستەکانی ناو دوو بەڵگەنامەی فەرمی داخڵی کۆگاکانی کۆمپانیاکە نەکراون، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن کەسی ڕێگەپێدراوەوە وەرگیراون.

دەستەی دەستپاکی عێراق ڕوونیکردەوە، بەدواداچوونەکانی تیمەکە بووە هۆی دەستگیرکردنی 4 فەرمانبەر کە هەستاون بە دزینی ئەو کەرەستە کارەباییانەی کە بەهاکەیان دەگاتە 2,001,494,000 (دوو ملیار و یەک ملیۆن و چوارسەد و نەوەد و چوار هەزار) دیناری عێراقی.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی دەستپاکی هاتووە، کۆنووسی فەرمی بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرەستەکان ڕێکخراوە و لەگەڵ تۆمەتباران و بەڵگەنامە و کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکانی تری تاوانەکە، گواستراونەتەوە بۆ بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی بەعقوبە، تاوەکو ڕێوشوێنی یاسایی گونجاو بەرامبەر تۆمەتباران بگیرێتەبەر.

09 تەمموز 2026 10:57
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026