Banner
پایتەخت

8ـی تەممووز کودەتایەکی سیاسی بوو بۆ سڕینەوەی شەرعیەت

8ـی تەممووز کودەتایەکی سیاسی بوو بۆ سڕینەوەی شەرعیەت
کورتە

لاهور تاڵەبانی خاوەنی بەرزترین متمانەی دەنگدەران و پێگەیەکی شەرعی بوو.

ناوەندی دەرەوەی بەرەی گەل ڕووداوەکانی 8ی تەممووزی 2021 وەک پاشەکشەیەکی گەورە لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و کودەتایەک بۆ لێدان لە پرەنسیپەکانی هاوبەشی و سڕینەوەی شەرعیەت لەقەڵەم دەدات.

 

ئەمڕۆ ناوەندی دەرەوەی بەرەی گەل لە پێنجەمین ساڵیادی ڕووداوەکانی 8ی تەممووزدا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو ڕووداوە کودەتایەکی سیاسیی ڕوون بوو بۆ لێدان لە پرەنسیپەکانی هاوبەشی و سڕینەوەی ئەو شەرعیەتەی کە لە ڕێگەی دەنگی بنکەی حزبی و کۆنگرەوە بەدەستهاتبوو.

 

ناوەندی دەرەوەی بەرەی گەل ڕووداوی دوورخستنەوەی لاهور تاڵەبانی بە پیلانگێڕییەکی ڕێکخراو لەقەڵەم دەدات، بۆ دوورخستنەوەی سەرکردەیەک کە وەک خاوەنی بەرزترین متمانەی دەنگدەران، پێگەیەکی شەرعی و یاسایی هەبوو. 

 

هەروەها ناوەندەکە جەخت دەکاتەوە، ئەزموونی ئەم پێنج ساڵە سەلماندی سڕینەوەی دەنگی جیاواز و تاکڕەوی لە بڕیارداندا، تەنها دەبێتە هۆی تێکدانی هاوسەنگی و لاوازکردنی دامەزراوەکان و پاشەکشەی دیموکراسی.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ناوەندی دەرەوەی بەرەی گەل، ئەگەرچی ئامانجی ئەو کارە کۆتایهێنان بوو بە دەنگی چاکسازی، بەڵام پشتگیریی بەردەوامی خەڵک و دروستبوونی ئەم بەرەیە وەک پێویستییەکی قۆناغەکە، هیوای بۆ گۆڕانکاری گەڕاندەوە و ڕێڕەوەکەی ڕاستکردەوە. 

 

ناوەندی دەرەوەی بەرەی گەل ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان بە تاکە دەرفەتی دەستووری و ڕەوا دەزانێت بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە سەپێنراوە و گێڕانەوەی بڕیار بۆ دەستی هاووڵاتییان.

 

لە کۆتاییدا، ناوەندی دەرەوەی بەرەی گەل داوای ئازادی بۆ لاهور تاڵەبانی و هاوڕێکانی دەکەن و جەخت لەسەر یەکڕیزی، تەبایی ناو ماڵی کوردی و نێوان هەموو هێزە نیشتمانییەکان دەکەنەوە بۆ خستنەپێشی بەرژەوەندی گەل بەسەر بەرژەوەندیی تایبەتدا لەپێناو چاکسازی و دادپەروەریدا.

08 تەمموز 2026 22:53
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026