د.هێمن هەورامی: هیچ بیانوویەک بۆ کارانەکردنەوەی پەرلەمان نەماوە
د.هێمن هەورامی داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات بەرپرسیارەتی کاراکردنەوەی پەرلەمان بگرنە ئەستۆ و "خۆیان نەدزنەوە."
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئامادەیی حزبەکەی بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان دووپات دەکاتەوە و پێی وایە کە هیچ بیانوویەک بۆ کارانەبوونی پەرلەمان نەماوە.
ئەمڕۆ لە پیرمام، د.هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوو دیداری جیاوازی لەگەڵ هیتۆشی ئیشیزوکا، کونسوڵی ژاپۆن، تۆمۆهیرۆ ماتسوشیما، بەرپرسی کاروباری سیاسی باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە عێراق، مایوکی نیشیمورا لە بەشی سیاسی و لویسیا، ڕاوێژکاری سیاسی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.
د. هێمن هەورامی لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەسیبووک بڵاویکردەوە، دوای تێپەڕبوونی 20 مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، پارتی وەک هێزی براوەی یەکەم هەموو هەوڵێکی داوە تا لە ڕێگەی دیداری دووقۆڵی، چەندقۆڵی، پەیام، ڕاگەیەندراو و لێژنەی گفتوگۆوە ڕێککەوتن ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی پەرلەمان کارا بێت و ئەرکە دەستووری و یاساییەکانی جێبەجێ بکات، هەروەها گشت ئەو ڕێگری، کاتکوشتن و ئاستەنگانەی ڕوون کردەوە کە لەو ماوەیەدا بۆ بەلاڕێدادان و نادیدەگرتنی بەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان دروستکران.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دووپاتی کردەوە، بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم، دیموکراسییەت، ڕێزگرتن لە بەشداریی سیاسیی دەنگدەران و سەرپێخستنەوەی دامەزراوەکان، سەرجەم ئەو لایەنە سیاسییانەی نوێنەریان لە پەرلەماندا هەیە، لەبەردەم بەرپرسیارێتی و تاقیکردنەوەیەکی گرنگی سیاسی، یاسایی و نیشتمانیدان بۆ کاراکردنی پەرلەمان و جێبەجێکردنی هەنگاوە دەستوورییەکان.
د.هێمن هەورامی ئامادەیی حزبەکەی بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنەکانی پەرلەمان نیشاندا و ڕایگەیاند: "ئەگەر هەر لایەک بڕوای وایە بە هۆکاری جۆراوجۆر زۆرینەیە یان هاوشانی کورسییەکانی پارتییە، با بفەرموون بێنە ناو پەرلەمانێکی کاراوە و لەوێدا درێژە بە گفتوگۆ سیاسییەکان بدەن."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، بەدەر لەم هەنگاوە، هەر ڕەفتارێکی تر خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی، نادیدەگرتنی دەنگی دەنگدەران و بە بارمتەگرتنی پەرلەمانی کوردستانە.