قایمقامی قەزای بەحرکە دەستبەکار بوو
بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر، ڕێورەسمی دەستبەكاربوونی قایمقامی قەزایی بەحرکە بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، قایمقامی قەزای بەحرکە فەرمانی کارگێڕی و دەستبەکاربوونی پێدرا.
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ڕێوڕەسمی فەرمانی کارگێڕی و دەستبەکاربوونی قایمقامی قەزای بەحرکە بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، شاخەوان سەدیق سۆر، وەکو یەکەم قایمقامی قەزای بەحرکە دەستبەکاربوون.
وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر، سوپاس و ستایشی بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییان کرد بۆ بەقەزابوونی بەحرکە، ئەمەش لە پێناو ئاوەدانکردنەوەی زیاتر و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاترە بە ناوچەکە.
لای خۆیەوە شاخەوان سەدیق سۆر، قایمقامی قەزای بەحرکە ڕایگەیاند، ئەم ئەرکە نوێیە بەرپرسیاریێتییەکی گەورە و نیشتمانییە، بۆیە هەموو تواناکانی خۆی دەخاتە گەڕ لەپێناو بەدیهێنانی خواستەکانی دانیشتوانی قەزای بەحرکە و سەرخستنی پڕۆسەی ئاوەدانکاری و گەشەپێدانی دەڤەرەکە.
شاخەوان سەدیق سۆر، بەرێوەبەری سەنتەری زمان و وەرگێرانی زانکۆی سەڵاحەددین بوو، کوڕی فەرماندە سەدیق سۆر، پێشمەرگەی شۆڕشەکانی ئەیلول و گوڵانە، ماستەری لە وڵاتی بەریتانیا بەدەستهێناوە و ماوەی چەندین ساڵ مامۆستای زانکۆ بووە و ئەمڕۆ، وەکو یەکەم قایمقامی قەزای بەحرکە دەستبەکاربوو.