Banner
پایتەخت

سەرۆکوەزیرانی دانیمارک وەڵامێکی تووندی ترەمپی دایەوە

سەرۆکوەزیرانی دانیمارک وەڵامێکی تووندی ترەمپی دایەوە
کورتە

هەڵوێستی سەرۆکوەزیرانی دانیمارک بەرامبەر بە ترەمپ بزانە

سەرۆکوەزیرانی دانیمارک لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، هەڵوێستی خۆی لەبارەی چارەنووسی گرینلاند دەربڕی و وەڵامی سەرۆکی ئەمریکاشی دایەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، میتە فریدریکسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک لە لووتکەی ناتۆ لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، دووبارە جەختی لەوە کردەوە کە گرینلاند بۆ فرۆشتن نییە، ئەو قسانەی لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەواناندا پاش لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا دەربڕی.

فریدریکسن گووتی: "دوێنێ گوێم لە قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا بوو و پێم وایە هەڵوێستی واشنتن لەم بابەتەدا زۆر ڕوونە، بەڵام هەڵوێستی ئێمەش لە سەرەتاوە ڕوون بووە و گرینلاند بۆ فرۆشتن نییە".

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هاتن کە ترەمپ دووبارە باس لە خواستی ئەمریکا بۆ بەدەستهێنانی گرینلاند کرد، بەڵام دانیمارک و حکومەتی گرینلاند بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دوورگەکە ناخرێتە فرۆشتن و چارەنووسی تەنها بە دەستی خەڵکی خۆیەتی.

لە 7 و 8 حوزەیران لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ بەڕێوەدەچێت، کە ڕێبەران و سەرۆکانی 32 وڵاتی ئەندام تێیدا کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاسایش، بەرگری، دۆخی هەرێمی و جیهانی و چەندین بابەتی گرنگی دیکە.

ناتۆ یەکێکە لە گەورەترین هاوپەیمانییە سەربازییەکانی جیهان کە لە ساڵی 1949دا دامەزراوە، ئەم ڕێکخراوەیە تا ئێستا 32 وڵاتی ئەندامی هەیە و ئامانجی سەرەکیی بریتییە لە پاراستنی ئاسایش و بەرگریی هاوبەشی ئەندامەکان، بۆ ئەم مەبەستەش لە کاتی پێویستدا، ساڵانە یان دوو ساڵ جارێک کۆبوونەوە لە یەکێک لە وڵاتانی ئەندامدا ساز دەکرێت.

08 تەمموز 2026 13:20
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026