ئەمریکا ئاگربەستی لەگەڵ ئێران هەڵوەشاندەوە
ترەمپ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەستی لەگەڵ ئێران دا و هەڕەشە دەکات.
لە میانەی بەڕێوەچوونی مەراسیمی بەخاکسپاردنی خامنەیی لە عێراق و کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ لە تورکیا، ئەمریکا دووبارە جەنگی لەگەڵ ئێران دەست پێکردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دووەم ڕۆژی کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆدا لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، لە میانەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ ڕایگەیاند، ئاگربەست لەگەڵ ئێران کۆتایی هات.
ترەمپ گووتی: "ئێران کاتێکی زۆری بەفیڕۆ دا و پێویستە ئێمە دەست بە کاری خۆمان بکەین." لە بەشێکی تری قسەکانیدا گووتی: "ئەوان نازانن چی دەکەن، ئەوان کەسانێکی خراپن و بۆ ماوەی 74 ساڵە کێشە بوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."
ئەم قسانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، ئەمریکا 1 هەفتە مۆڵەتی بە ئێران دابوو بۆ بەڕێکردنی پرسە و بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای پێشووی ئێران. لە ئێستادا تەرمی خامنەیی لە قۆناغی کۆتاییدایە لە عێراق و لە دوای نزاکردن لەسەری لە مەزارگەی ئیمام حوسێن، بڕیارە بگەڕێندرێتەوە بۆ ئێران و لە شاری مەشهەد بەخاک بسپێردرێت.
گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران تا مانگی حوزەیرانی 2026 بەردەوام بوون، دواتر بە ناوبژیوانیی قەتەر و پاکستان، لە 17ی حوزەیرانی 2026 یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد و ئاگربەستێکی کاتییان ڕاگەیاند. ئەم ڕێککەوتنە 14 خاڵی سەرەکی لەخۆ گرتبوو، کە ئامانجی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان، وەستاندنی شەڕ و دەستپێکردنی قۆناغی دانوستاندن بوو.
پاش جێبەجێبوونی ئاگربەستەکە، لە 21 و 22ی حوزەیرانی 2026 نوێنەرانی هەردوو وڵات لە سویسرا کۆبوونەوە؛ لەو دانوستانانەشدا باس لە ڕێڕەوی جێبەجێکردنی ئاگربەست، ئاسایشی گەرووی هورمز و دانانی نەخشەڕێگایەکی 60 ڕۆژە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی کرا.