Banner
پایتەخت

مەرجێکی نوێ بۆ کڕینی بەنزینی 750 دیناری داندرا

مەرجێکی نوێ بۆ کڕینی بەنزینی 750 دیناری داندرا
کورتە

گۆڕانکاری لە شێوازی وەرگرتنی سووتەمەنی لە هەولێر دەکرێت

لە پێناو چەسپاندنی یەکسانی و نەهێشتنی قەرەباڵغی لە بەنزینخانەکاندا، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر بڕیاری دا سیستەمی دابەشکردنی بەنزینی حکومی 750 دیناری بگۆڕێت بۆ کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنی.

 

سالار محەممەد، لێپرسراوی لیژنەی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، گۆڕانکاری لە سیستەمی وەرگرتنی بەنزیندا دەکرێت و بەپێی بڕیارە نوێیەکە، دابەشکردنی بەنزینی حکومی لە ڕێگەی کارتی سووتەمەنییەوە (کە بۆ غاز و نەوتیش بەکاردێت) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

لێپرسراوی لیژنەی پشکنین ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بڕیارە تەنیا بەنزینی حکومی بە نرخی پاڵپشتیکراوی 750 دیناری دەگرێتەوە.

 

سالار محەممەد ڕوونیکردەوە، ڕۆژانە پێویستییان بە زیاتر لە 2 ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، بەڵام لە ئێستادا تەنیا 752 هەزار لیتر بەنزینی پاڵپشتیکراویان پێدەگات. 

 

سەبارەت بە بەکارهێنانی کارتەکە، لێپرسراوی لیژنەی پشکنین ئەوەشی خستەڕوو، هەر خێزانێک یەک کارتی هەیە و ئەگەر چەند ئۆتۆمبێلێکیشیان هەبێت دەتوانن هەموویان هەمان کارت بەکاربهێنن. 

 

لە کۆتایی دا سالار محەممەد باسی لەوە کرد، دوای دەستپێکردنی پڕۆژەکە، بڕی ئەو پشکە دیاری دەکرێت کە شۆفێر دەتوانێت بە شێوازی هەفتانە یان مانگانە بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی وەریبگرێت.

05 تەمموز 2026 22:04
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026