پایتەخت

لیستی مووچەی مانگی 7 ئامادە دەکرێت

لیستی مووچەی مانگی 7 ئامادە دەکرێت
کورتە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی کرد بە ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێم.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سیستمی پەیڕۆڵی بۆ یەکە ژمێریارییەکانی گشت وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت کارا کرد، بەمەبەستی دەستپێکردنی پڕۆسەی داخڵکردنی زانیاری و بڕی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی تەممووز.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی تەممووزی 2026 بەگوێرەی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە کاتی دەوامی فەرمی، سیستەمی پەیڕۆڵی بۆ یەکە ژمێریارییەکان وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت کارا کردن بە مەبەستی نوێکردنەوەی زانیارییەکانی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان.

چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواوبکرێت و دوای وردبینیکردن لە ناوەڕاستی ئەم مانگە ڕەوانەی بەغدا بکرێت لەگەڵ تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیران، بۆ ئەوەی ڕێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی ئەو مانگە لەگەڵ دابەشکردنی مووچە لە عێراق ڕایی بکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هێڵە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شەش، کە تاوەکو ئێستا بەغدا تەمویلی مووچەی مانگی شەشی بۆ هەولێر نەناردووە.

سەبارەت بە کێشەی داهاتی فیدراڵی، هەرچەندە گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا لەسەر میکانیزمی ناردنی داهاتەکان بەردەوامە، چاوەڕوان دەکرێت حکومەتی فیدراڵی چاوڕێی ناردنی پشکی داهاتی فیدراڵی لەلایەن هەولێرەوە نەکات، بەڵکو ڕاستەوخۆ خۆی پشکی داهاتە فیدراڵییەکان لە کۆی تەمویلەکە ببڕێت پێش ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە داهاتی ناوخۆیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆداوە بە ڕێژەی 70٪ کەمیکردووە، بەڵام وەزیری دارایی عێراق هێشتا سوورە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کابینەی پێشوو و لێبڕینی 120 ملیار دینارەکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ، بۆیە هەولێر لەگەڵ بەغدا گفتوگۆدایە، کە بەگوێرەی ئەو داهاتەی هەیە وەک لە تەرازووی پێداچوونەوە ڕوون دەکرێتەوە، ئەم کێشەیە یەکلایی بکرێتەوە.

05 تەمموز 2026 14:13
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026