نرخی بەنزین دابەزی
نرخی بەنزینی بازرگانی لە بازاڕەکانی هەرێمدا دابەزی
دوای زیاتر لە مانگێک لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی بەنزین، بڕیارە نوێیەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ ئاسانکاریکردن لە بازگەکان و ڕێگەدان بە هاوردەکردنی بەنزین، کاریگەری لەسەر بازاڕ دروست کرد و نرخی بەنزینی بازرگانی ڕووی لە دابەزین کرد.
ئەمڕۆ سالار محەممەد، لێپسراوی بەشی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، بەهۆی بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نرخی بەنزین لە نێوان 50 بۆ 80 دینار دابەزیوە.
لێپسراوی بەشی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، هۆکاری ئەوەی نرخەکە کتوپڕ زۆر دانەبەزیوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بازرگانان پێشووتر سووتەمەنییەکەیان بە نرخێکی گرانتر هاوردە کردووە.
سالار محەممەد دووپاتی کردەوە، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 3 ڕۆژی داهاتوودا نرخی بەنزینی نۆڕماڵ بۆ 950 دینار جێگیر ببێت و هاوشانی ئەویش نرخی بەنزینی موحەسەن و سۆپەریش دابەزینێکی زیاتر بەخۆیانەوە ببینن و بارودۆخەکە ئاسایی ببێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان لە نووسراوێکدا بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش، فەرمانی کردووە بەردەوام ئاسانکاری لە بازگەکاندا بکرێت بۆ هاوردەکردنی بەنزین بۆ ناو هەرێمی کوردستان، ئەمەش بە ئامانجی دابینکردنی خواستی بازاڕ و پاراستنی کوالێتی سووتەمەنی لە بازرگانیدا.