نەورۆز لەبەردەم دوایین تاقیکردنەوەی وەرزدا
یانەی نەورۆز ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی دوایین یاریی خۆی لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق تەواو دەکات
یانەی نەورۆز ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی دوایین یاریی خۆی لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق تەواو دەکات، کاتێک لە گەڕی 38 و کۆتایی خولەکەدا، دەبێتە میوانی یانەی نەفت، یارییەکە کاتژمێر 6:00ی ئێوارە بەڕێوەدەچێت و نەورۆز دەیەوێت بە بەدەستهێنانی سێ خاڵ، پێگەی خۆی لە پلەی هەشتەمی ڕیزبەندییەکەدا جێگیر بكات.
نەورۆز لە کاتێکدا ئەم وەرزە بەکۆتا دەهێنێت کە بە قۆناغێکی سەخت و پڕ لە هەڵبەز و دابەزدا تێپەڕی، لە سەرەتای وەرزدا یانەکە بەدەست قەیرانی گەورەوە دەیناڵاند، بەجۆرێک مەترسی هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی لەسەر بوو، بەڵام لە قۆناغی دووەمی خولەکەدا، تیپەکە توانی هاوسەنگی خۆی بەدەستبهێنێتەوە و گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئاست و ئەنجامەکانیدا تۆمار بکات، کە لە کۆتاییدا لە ناوچەی پێشەنگی ڕیزبەندییەکەدا جێگەی خۆی کردەوە.
یانەی نەورۆز لە کۆی 37 گەڕی ڕابردوودا، خاوەنی 54 خاڵە و لە پلەی هەشتەمدایە. ئامارەکانی یانەکە لەم وەرزەدا بەم شێوەیەن:
- بردنەوە: 16 یاری
- یەکسانبوون: 6 یاری
- دۆڕان: 15 یاری
لە مێژووی ڕووبەڕووبوونەوەکانی هەردوو تیپدا، نەورۆز و نەفت 10 جار ڕووبەڕووی یەک بوونەتەوە، باڵادەستی بۆ نەورۆز بووە بە تۆمارکردنی 4 سەرکەوتن، لە بەرامبەردا 2 جار دۆڕاوە و لە 4 یاریشدا یەکسان بوون.
بۆ ئەم یارییە کۆتاییە، نەورۆز لە تواناکانی نێتۆ ئاکارا هێرشبەری بەرازیلی بێبەش دەبێت، ناوبراو بەهۆی پێکانێکی قورسەوە وەرزەکەی پێشوەختە کۆتایی پێهاتووە و ناتوانێت هاوکاریی هاوڕێکانی بکات لە گەشتیاندا بۆ بەدەستهێنانی دوایین سێ خاڵی وەرزەکە.