براوەی باڵۆندۆری ئەمساڵ کێیە؟
پێشبینی شارەزایان بۆ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆندۆر چییە؟ جەخت لە کاریگەری مۆندیال بەسەر ئەم خەڵاتە دەکەنەوە.
دوای دوو دەیە لە باڵادەستیی ڕەهای لیۆنێل مێسی و کریستیانو رۆناڵدۆ، کێبڕکێی خەڵاتی باڵۆندۆری ساڵی 2026 چووهتە قۆناغێکی نوێ و بێپێشینە لە مێژووی هاوچەرخی تۆپی پێدا، هاری کەین، هێرشبەری ئینگلیزیی یانەی بایرن میونشن، بەهۆی وەرزە ناوازەکەیەوە بەربژێری یەکەمە بۆ ڕفاندنی خەڵاتەکە، لە کاتێکدا عوسمان دێمبێلێی فەڕەنسی و براوەی ساڵی ڕابردوو، وەک ڕکابەری سەرەکی ئەو دەردەکەوێت.
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە هاوکێشەی ئەمساڵی باشترینەکەی جیهان تەنها بە درەوشانەوە لە خولە ناوخۆییەکانی ئەوروپاوە بەستراو نەبێت، چونکە بەڕێوەچوونی جامی جیهانی 2026 لەم هاوینەدا، هاوشانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، کێش و قورسایی سەرەکییان دەبێت لە دیاریکردنی براوەی کۆتاییدا.
هاری کەین بە تۆمارکردنی 65 گۆڵ و بردنی سێوانەی ناوخۆیی لەگەڵ بایرن میونشن (بوندێسلیگا، پۆکال و سوپەری ئەڵمانیا) توانیویەتی پێشەنگی بەربژێرەکان بگرێت و کۆتایی بەو ڕەخنانە بهێنێت کە لەسەر بێ نازناویی ئەو دەوتران، لە بەرامبەردا عوسمان دێمبێلێ دوای چاکبوونەوەی لە پێکان، سەرکردایەتی پاریس سانجێرمانی کرد بۆ بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ و خولی فەڕەنسی، تا چانسی پاراستنی خەڵاتەکەی بە بەرزی بمێنێتەوە.
لە ڕیزبەندی سێیەمی بەربژێرەکاندا، لامین یامالی ئەستێرەی تەمەن 18 ساڵی بارسێلۆنا دێت، کە چاودێران پێیان وایە چانسی هەیە ببێتە یەکەم یاریزانی خوار تەمەن 21 ساڵ مێژوو بنووسێتەوە و خەڵاتەکە بباتەوە، بە تایبەت ئەگەر لە مۆندیالدا ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات، هاوکات ئەستێرەکانی ئارسێناڵ، دیکلان رایس و بۆکایۆ ساکا، سەرەڕای بردنەوەی پرێمەرلیگ، بەهۆی شکستیان لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە بوداپێست بەرامبەر پاریس، هەلەکانیان کەم بووەتەوە و ئێستا تەنها چاویان لە جامی جیهانییە.
سەرنجڕاکێشترین خاڵ لە لیستی ئەمساڵدا، گەڕانەوەی مێژوویی مێسی و ڕۆناڵدۆیە، مێسی دوای بردنەوەی خولی ئەمریکی لەگەڵ ئینتەرمەیامی و ڕۆناڵدۆ دوای بردنەوەی خولی سعودی بە 35 گۆڵەوە لەگەڵ نەسڕ، چاویان لە دوایین مۆندیالی کاروانی وەرزشییانە تا هاوکێشەکە سەراوژێر بکەن.
بڕیارە ڕێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی باڵۆندۆری 2026 لە 26ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەڕێوەبچێت.