شێرە کوردەکەی ئەڵمانیا بەشداری مۆندیال دەکات؟
ناگلیسمان دێنیز ئۆنداڤی یاریزانی پیشەگەری کورد بانگێشتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەکات؟
دێنیز ئونداڤ، هێرشبەرە کوردەکەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، هاندەرانی وڵاتەکەی لە دۆخی تەندروستیی خۆی دڵنیا کردەوە و ڕایگەیاند، بۆ یارییەکانی مۆندیالی 2026 بەتەواوی ئامادەیە، ئەمەش دوای ئەو پێکانە سووکەی لە یارییە دۆستانەکەی بەرامبەر فینلەندا تووشی بوو.
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا مانشافتی بۆ جامی جیهانی 2026، هاندەرانی مانشافت بردنەوەیەکی گەورەیان بە تامی ئاستێکی سەرنجڕاکێشی ئونداڤ تاقیکردەوە، لەو یارییەدا کە بە سەرکوتکردنی فینلەندا بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر کۆتایی هات، ئەستێرە کوردەکە بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ و دروستکردنی گۆڵێکی دیکە، بووە پاڵەوانی یەکەمی یارییەکە و نمرەی تەواوی "10 لە 10" بەدەستهێنا وەک باشترین یاریزانی دیدارەکە.
تۆمارکردنی گۆڵی دووەمی ئونداڤ نائومێدییەکی کاتی بەدوای خۆیدا هێنا، کاتێک بەهۆی هەستکردن بە ئازار داوای گۆڕانکاریی کرد و ڕاستەوخۆ ڕووی لە ژووری جلگۆڕین کرد، هۆکاری ئەمەش نیگەرانی لای هاندەران دروستکرد، بەڵام گەڕانەوەی خێرای یاریزانەکە بۆ سەر کورسیی یەدەگ بە جلوبەرگی وەرزشییەوە، ئاماژەی ئەرێنی بوون.
دێنیز ئونداڤ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ZDFـی ئەڵمانی، ئارامی گەڕاندەوە بۆ نێو هاندەران و گووتی: "کەمێک ئازارم هەبوو، بەڵام پێکانەکە قورس نییە و هەموو شتێک باشە. تەنها پێویستم بە چەند ڕۆژێک چارەسەر و پشوو هەیە بۆ ئەوەی بەتەواوی چاکببمەوە."
سەبارەت بە گەرەنتیی کردنی شوێنی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی ئەڵمانیا بۆ مۆندیال، ئونداڤ گوتی: "ئەوە بڕیاری ڕاهێنەرە، من لەم یارییە و یارییەکانی پێشووشدا ئەوەی لەسەرم بوو بە باشترین شێوە ئەنجامم داوە."