سێ وڵات هەوڵی نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمریکا دەدەن
هەریەک لە وڵاتانی تورکیا، میسر و پاکستان هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی لە 48 کاتژمێری داهاتوو دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان ئەمریکا و ئێران دەستپێبکات.
سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە نێوەندگیر بۆ دانوستان کردن لەگەڵ ئێران، بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ گومان دەکرێت گفتوگۆی ئەم دوو وڵاتە ڕووبدات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، هەر یەک لە وڵاتانی تورکیا، پاکستان و میسر هەوڵ دەدەن کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئێران و ئەمریکا لە 48 کاتژمێری داهاتوو ڕێکبخەن، بەڵام بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەرپرسانی عەرەب و ئەمریکا، کە ئاگاداری گفتوگۆیەکانن، ئەمریکا و ئێران دوورن لە ڕێککەوتن.
دوێنێ سێشەممە 24-3-2026، بەرپرسانی ئێران ئامادەیی خۆیان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا نیشاندا، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕەزامەندییەکی فەرمیان بۆ کۆبوونەوە لە ئسلامئابادی پاکستان نەداوە. لەلایەکی دیکەوە ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی گووت: "سەرکردایەتی ئێران، یان ئەو سەرکردایەتییەی کە تا ئێستا لە وڵاتەکە ماوە، لە ژێر فشارێكی زۆر دان بۆ دانوستان کردن، کەس نازانێت لەگەڵ کێ قسە بکات، بەڵام ئێمە گفتوگۆ لەگەڵ کەسە ڕاستەکان دەکەین، وە ئەوانیش تامەزرۆی ڕێککەوتنن."
سەرەڕای ئەم لێدوانەی ترەمپ، بەرپرسانی ئێران بە وڵاتانە نێوەنگیرییەکانیان گووتووە، بە چاوێکی پڕ گوومانەوە لە ئەمریکا دەڕوانن، چونکە وڵاتەکە لە ژێر دەستی ئیدارەی ترەمپ دووجار لەکاتی گفتوگۆی دیپلۆماسی هێرشی کردووەتە سەر ئێران.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ دا هاتووە، سوپای پاسداران لە نێو ڕژێمە پارچەپارچەبووەکەی ئێران هێزەکانی یەکخستووەتەوە و داواکاری تووندی لە ئەمریکا هەیە، وەک داخستی سەرجەم بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و قەرەبووکردنەوەی وڵاتەکە لە زیانی هەموو ئەو هێرشانە، لە بەرامبەردا بەرپرسێکی ئەمریکا داواکارییەکانی ئێرانی بە "بێمانا" و وەسف کرد، ئەمەش هەڵوێستانەش ئەگەری ڕێککەوتن کەمتر دەکەنەوە.