پایتەخت

گوتەبێژی خاتەمولئەنبیا: ئەمریکا دانوستان لەگەڵ خۆی دەکات

گوتەبێژی خاتەمولئەنبیا: ئەمریکا دانوستان لەگەڵ خۆی دەکات
کورتە

تا دێت هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران بەرەو کزبوونەوە دەچن، چونکە بەرپرسانی ئێران هیچ مەیلێک بۆ دانوستان نیشان نادەن.

لە کاتێکدا ئەمریکا هەوڵی دانوستان لەگەڵ ئێران دەدات، گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران هەڕەشەی تووند دەکات و ئەم هەوڵانە بە ئەنجامی "شکستهێنانی ئەمریکا" لە قەڵەم دەدات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕووی دەمی لە ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند، "ئەو هێزە ستراتیژییەی تۆ شانازیت پێوەدەکرد شکستی هێناوە"، ئەو زلهێزەی جیهان ئەگەر بیتوانیبایە لەم تەنگژەیە رزگاری ببوایە، تاوەکو ئێستا رزگاری دەبوو.

لە درێژەی قسەکانیدا، ئیبراهیم زولفەقاری گووتی: "بە شکستەکەت مەڵێ ڕێککەوتن!، گرژییەکان گەیشتوونەتە قۆناغێک کە ئێستا دانوستان لەگەڵ خۆت دەکەیت، لەمەودوا هیچ هەواڵێکی وەبەرهێنانتان لە ناوچەکە نابێت، وە چیتر نرخی پێشووی وزە و گاز وەک خۆی نابینیتەوە، تا ئەو کاتەی تێدەگەن کە سەقامگیری لە ناوچەکە لە ڕێگەی هێزەکانی ئێمەوە گەرەنتی دەکرێت، "سەقامگریی تەنیا لە ڕێگەی هێزەوە."

لە کۆتایی پەیامەکەی گوتەبێژی خاتەمولئەنبیا دا هاتووە، تاوەکو ئەو کاتەی ئیرادەی ئەوان نەبێت، هیچ دۆخێک بۆ باری پێشوو ناگەڕێتەوە، ئەم ئیرادەیەش کاتێک دروست دەبێت کە بیرۆکەی هەر کارێکی سەربازی دژی گەلی ئێران لە مێشکەکانیاندا بسڕێتەوە.

ئەم قسانەی گوتەبێژی خاتەمولئەنبیا لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دوو ڕۆژی ڕابردووەوە ئاماژەی بە گفتوگۆ و هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان بۆ دانوستان لەگەڵ ئیران داوە، بەڵام بەرپرسانی ئێران بە هەموو شێوەیەک ڕەتی دەکەنەوە هیچ گفتوگۆیەکیان لەگەڵ ئەمریکا کردبێت.

لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تامیز، ئەمریکا پلانێکی 15 خاڵیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بۆ ئێران ناردووە، دوو لە خاڵە سەرەکییەکانی پلانەکە بریتییە لە: ئەمریکا داوای راگرتنی تەواوەتیی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە نێو خاکی ئێران کردووە، وە دەبێت هەموو ئەو ماددە پیتێنراوانەی کە لایەتی رادەستی بکات. ئەمە جگە لەوەی ئێران دەبێت پابەندبێت بە رێگەدان بە هاتووچۆی بێبەربەستی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز.

25 ئازار 2026 09:27
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026