گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار بۆ پایتەخت: بەهۆی جەنگەوە هیچ گەشتیارێکی دەرەوە نەهاتووەتە هەرێم
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار لەسەر ئامادەکارییەکانی جەژن زانیاری دەخاتەڕوو
هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردسان لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕ لە ناوچەکە ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە بەتایبەتی گەشتیارانی نێودەوڵەتی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار لەسەر ئامادەکارییەکانی جەژن زانیاری دەخاتەڕوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لەگەڵ داخستنی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان هیچ گەشتیارێکی نێودەوڵەتی نەهاتووە و ناتوانن سەردان بکەن.
بەگووتەی ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەهۆی جەنگەوە جموجۆڵی گەشتیاری ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە، هەروەها ئامادەکاری بۆ هاتنی گەشتیار لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز کراوە.
لە ڕۆژی 28ـی 2ـی 2026 بەهۆی دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسڕائیل و ئێران، فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق داخران و زۆربەی دەروازە نێودەوڵەتییەکانی سنووری هەرێم و ئێران داخران.