ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد بەشداریی لە یادی کارەساتی هەڵەبجە لە شاری پۆرتسمۆس کرد
شاندێکی باڵای «ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد» بەشداریان لە یادی کارەساتی هەڵەبجە کرد
ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد بەشداریی لە یادی کارەساتی هەڵەبجە لە شاری پۆرتسمۆس کرد و لە ڕاگەیاندراوێک پەیامی خۆیان بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکەیان:
لە چوارچێوەی بەرزڕاگرتنی سیمبولی مەزڵومییەتی کورد و یادکردنەوەی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە، شاندێکی باڵای «ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد» کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان (د. گۆڤە ئەحمەد) سەرۆکی ڕێکخراو و (ئاراس بلباس) سکرتێری ڕێکخراو، لە شاری پۆرتسمۆسی بەریتانیا بەشدارییان لە مەراسیمی ساڵیادی کارەساتەکەدا کرد.
لەم مەراسیمەدا کە بە دەستپێشخەریی «ماڵی کوردیی پۆرتسمۆس» ڕێکخرابوو، بەڕێز د. گۆڤە ئەحمەد لە وتارێکدا تیشکی خستە سەر ڕەهەندەکانی کارەساتی هەڵەبجە و مەزڵومییەتی گەلی کورد. هاوکات، وەک وەفایەک بۆ ڕۆحی شەهیدان، لەلایەن ڕێکخراوەکەمانەوە (ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد لە بێرمینگام) پەیکەرێکی «عومەری خاوەر» کە بە دەستوپەنجەی ڕەنگینی هونەرمەندی گەورە و پەیکەرتاش کاک (بارزان شازە) دروستکرابوو، پێشکەش بە «پارکی هەڵەبجە» لە شارەکە کرا.و لە نێو پارکەکەدا دەبێتە سنبولی ئازارەکانی کورد
جێی باسە مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگار، سەرۆکی شارەوانی و پەرلەمانتارانی شارەکە بەڕێوەچوو، کە تێیدا بەرپرسانی بەریتانی دووپاتی پشتیوانیی خۆیان بۆ دۆزی ڕەوای کورد کردەوە.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان