پایتەخت

بەیاننامەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاست نییە و بەڵکو ئامادەین عێراق و هەرێم لەم قەیرانە دەرباز بکەین

بەیاننامەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاست نییە و بەڵکو ئامادەین عێراق و هەرێم لەم قەیرانە دەرباز بکەین
کورتە

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی بەیاننامەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق بە هەموو شێوەیەک ڕەتدەکاتەوە

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی بەیاننامەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق بە هەموو شێوەیەک ڕەتدەکاتەوە، ئاماژە بە وەستانی بەرهەمهێنانی نەوت بە هۆی هێرشی گروپە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق دەکات.

 

کەمێک لەمەوبەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان سەبارەت ئامادە نەبوونی هەرێمی کوردسان بۆ هەناردەکردنی نەوت بە ڕێگەی بۆڕی بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا بڵاویکردەوە، لە بەیاننامەکە هەوڵی تۆمەتبارکردنی هەرێمی کوردستانیان بۆ چەواشەکردنی رای گشتی داوە، بەغدا لە مانگی یەکەوە ئابلوقەیەکی خنکێنەری بە بیانووی جێگیرکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان و ڕێگە نادات دۆلار بۆ بازرگانەکانی کوردستان بەردەست بێت بەم هۆیەوە هیچ جوڵەیەکی بازرگانی  نەماوە و ئامادە نیە کاتی پێویست بۆ هەرێم تەرخان بکات بو جێگیرکردنی سیستەمەکە.

 

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان سەبارەت بە هێرشی گروپە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق بۆ سەر کێڵگە و پالاوگەکانی نەوت وگاز و وزەی هەرێم ئاماژە بەوە دەکات، لە ئەنجامی ئەم هێرشانە بەرهەمهێنان وەستاوە و هیچ بەرهەمێکی نەوتی نەماوە لە کوردستان تا هەناردەی دەرەوە بکرێت، هەروەها بەغدا ئامادە نییە ڕووبەڕووی ئەو هێرشانە ببێتەوە کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و رێگرییان لێ بکات.

 

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دووپاتی کردەوە، بەشێکی زوری ئەم هێرشبەرانە لە بەغدا مووچە وەردەگرن و پڕچەک کراون و پارەدار دەکرێن، هاوکات مووچەی خەڵکی کوردستان هەمیشە دوا دەکەوێت و کەمتر لە گوژمەی پێویست دەنێردرێت.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی سامانە سروشتییەکان هاتووە، هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک ئامادەیی خوی دەربڕیوە کە عێراق و هەرێمی کوردستان لەم قەیرانە دەرباز بکات و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان چەندین جار داوا لە بەغدا کراوە گفتگۆیەکی بنیادنەر دەست پێبکرێت، بەڵام داواکارییەکە پشتگوێ خراوە و هەوڵ دراوە ئەجندای نادەستوری و نایاسایی لە سەر هەرێم بسەپێندرێت.

 

لە کۆتاییدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادەی خۆی دەردەبڕێت، کە هەرچی زووە تیمە بسپۆرەکان لە سەر ئەم خاڵانەی جێی ناکۆکین دانیشتن بکەن و ئەنجامێکی خێرای لێبکەوێتەوە کە هەموو عێراق لیێ سوودمەند بێت و کوردستانیش چیتر ستەمی لێ نەکرێت.

15 ئازار 2026 19:26
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026