بەرپرسانی ئیسرائیل: لوبنان وەک غەززە لێدەکەین
بەرپرسانی ئیسرائیل بە پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکییان ڕاگەیەندووە، گەورەترین هێرشی سەربازی دەکەنە سەر لوبنان، کە بۆ یەکەمجار لەدوای ساڵی 2006ـەوە هێرشی لەم جۆرە نەکراوەتەوە سەر وڵاتەکە.
ئیسرائیل ئامانجییەتی گەورەترین هێرشی زەمینی بکاتە سەر لوبنان و هێزەکانی حیزبوڵڵا لەسەر سنوور دوور بخاتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئیسرائیل پلانی هێرشێکی گەورە بۆ سەر باشووری لوبنان دادەڕێژێت، بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی سەرمایە و ژێرخانی حیزبوڵڵا لە ڕووباری لیتانی. بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلیش دەڵێت: "ئامانجمان لە هێرشەکە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکە و دوورخستنەوەی هێزەکانی حیزبوڵڵایە لەسەر سنوور و ڕاپێچکردنیان بۆ باکووری وڵاتەکە.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، پلانەکە لە ئۆپەراسیۆنێک پێکدێت، کە تێیدا سوپای ئیسرائیل دەست بەسەر تەواوی باشووری لوبناندا دەگرێت، کە دەبێتە گەورەترین هێرشی سەر وڵاتەکە لە ساڵی 2006ـەوە تا ئێستا.
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بە پێگەی ئەکسیۆسی گووتووە: "لوبنان وەک غەززە لێدەکەین". بیرۆکەی هێرشکردنە سەر لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە دوو ڕۆژ لەمەوبەر پلانی بۆ داندراوە، دوای ئەوەی حیزبوڵڵای لوبنان بەهاوبەشی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران زیاتر لە 200 مووشەکیان ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد، لە کاتێکدایە لە سەرەتای جەنگی ئێرانەوە 28-2-2026 تا ئێستا حیزبوڵڵا ڕۆژانە 100 مووشەکی ئاڕاستەی ئیسرائیل دەکرد.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل بەناوی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، بنیامین نەتەنیاهو هۆشداری بە جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان دابوو، کە ئەگەر سوپای لوبنان هێرشی مووشەکی حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل نەوەستێنێت، ئەوا سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ وەستاندنی مووشەکەکان هێرشێکی گەورەتر بۆ لوبنان دەستپێدەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە سەرەتای جەنگەوە، ئیسرائیل بە بەردەوام لوبنان بۆردوومان دەکات و بەشێکی زۆر لە باڵەخانەکانی گەڕەکەکانی بەیروت خاپوور بوون.