بە گەیشتنی پڕۆژەی ڕووناکی سەدان مۆلیدە دەکوژێندرێتەوە
 
                
            
        کارەبای 24 کاتژمێری بۆ نێو سەنتەری قەزای سۆران ڕادەگەیەندرێت
لە کاتی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی بۆ سۆران موژدەی گەیشتنی پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند و بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران دەڵێت، بەهۆی گەیشتنی پڕۆژەکە سەدان مۆلیدە دەکوژێندرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە قۆناغی یەکەمی گەیشتنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ نێو سەنتەری قەزای سۆران ڕادەگەیەندرێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە دەورەبەری قەزای سۆران دەگرێتەوە.
بەگووتەی ئەردەوان ئیبراهیم، ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ گەیشتنی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ نێو سەنتەری قەزای سۆران 116 مۆلیدە دەکوژێندرێتەوە، 3 مانگی سەرەتاش داشکاندن بۆ هاووڵاتییان لە نرخی بەکارهێنانی کارەبای 24 کاتژمێری دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی ئەو بەرێوەبەرە هاتووە، بە نزیکەیی %80ـی هاووڵاتییان ناوی خۆیان لە پڕۆژەی ڕووناکی تۆمارکردووە و هەر کەسێکیش بە هەر هۆکارێک ناوی خۆی تۆمار نەکردبێت، ڕۆژانە دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سۆران بکەن بۆ ئەوەی ناویان تۆمار بکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران داوا ئاڕاستەی هاووڵاتییانی ئیدارەی سۆران دەکات، هاوکاریان بن بۆ بەکارهێنانی کارەبا، دەست بە کارەباوە بگرن و سیستەمی وزەی خۆر بەکاربهێنن.
 
                 
                     
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
                 
            
         
            
        