پسپۆڕێكی پزیشكی دادوهری لە بڵاو كراوهیهكی ورددا تیشکی خستە سەر دۆسیەی ئەو کچە تەمەن 15 ساڵانەی كه گوایه دهستدرێژی سێكسی كراوهته سهر. ههڵسهنگاندنی بۆ دیوی پشتهوهی ڕووداوهكه و كاردانهوهكانی كرد.
ئهمڕۆ دکتۆر دیلمان ئازاد خۆشناو، پسپۆڕی پزیشکیی دادوەری و مامۆستای زانکۆ ڕایگهیاند، ئەو کچە بە هەموو پێناسەیەک منداڵە و دەبێت وەک ڕزگاربووی دەستدرێژیی سێکسی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت نەک تەنیا وەک قوربانی.
دکتۆر دیلمان ئاماژهی بهوهشدا، دەستدرێژیی سێکسی یەکێکە لە قێزەونترین تاوانەکانی ناو کۆمەڵگە و پێویستە بکەرانی ئەم تاوانە نامرۆڤانەیە بە تووندترین شێوە سزا بدرێن، چونکە ئەم کارە بە هەموو پێوەرە یاسایی و زانستی و ئایینییەکان قەدەغە کراوە و دوورە لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتییەوە.
دکتۆر دیلمان داوای كرد، دهبوایه پێش ئەوەی پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا باس لەم بابەتە بکەن، پێویست بوو ئەو منداڵە ڕەوانەی لای پزیشکی پسپۆڕی دەروونی بکرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری درێژخایەن، چونکە باری دەروونیی ڕزگاربووان لە هەر شتێکی تر گرنگترە و پشتگوێخستنی کاریگەریی خراپی بۆ سەر ژیانی داهاتوویان دەبێت.
ئەم پزیشکە دهڵێت: "فێرکردنی منداڵ لەسەر چۆنیەتیی پاراستنی جەستەی خۆی، ئەگەری ڕوودانی ئەم جۆرە کارەساتانە بە ڕێژەی 85 لە سەد کەم دەکاتەوە." هەروەها پێشنیاری لە دایکان و باوکان کرد کە چیتر شەرم و عەیبە نەکەنە ڕێگر لە فێرکردنی منداڵەکانیان و ڕاستییەکانیان بۆ باس بکەن.
لە بەشێکی تری بڵاو كراوهكهدا، دکتۆر دیلمان وەک دایکێک ئەزموونی خۆی لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیدا گێڕایەوە و گوتی: "من شەرم ناکەم کە فێری منداڵەکانم بکەم گێچەڵ و دەستدرێژی چییە، چونکە باسکردنی ئەم بابەتانە بۆ منداڵ زۆر ئاسانترە لەوەی کە تووشی کارەساتێکی وەها ببێت و دواتر بە دوای چارەسەردا بگەڕێین."
لە کۆتاییدا ئەم پسپۆڕە داوای کرد کە پەروەردەی سەردەمیانە و ئەرێنی پەیڕەو بکرێت و یاسای تووند لە ناو ماڵدا دابنرێت بۆ ئەوەی منداڵ فێری پابەندبوون ببێت، هەروەها جەختی کردەوە کە منداڵ لێپرسراوێتییەکی گەورەیە و تەنیا بۆ خۆشی و جلکڕین نییە، بەڵکو دەبێت دایک و باوک بەردەوام چاودێریی ژینگەی پەروەردەیی منداڵەکانیان بکەن.