دادگای باڵای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق، سزای زیندانیکردن بەسەر بەڕێوەبەرێکی گشتیی سەر بە وەزارەتی کارەبادا دەسەپێنێت.
ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سزای 6 ساڵ زیندانیکردن و پێبژاردنی 10 ملیۆن دیناری بەسەر بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی کارەبای فوراتی ناوەڕاست و فەرمانبەرێکی کۆمپانیاکەدا سەپاند.
ئەم بڕیارانە دوای پشتڕاستبوونەوەی تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل لە دژی هەردوو تۆمەتبارە گەندەڵەکە دەرکران، کە لە بەرامبەر خەرجکردنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیایەکدا وەریگرتبوو، دادگا سەرجەم بەڵگەنامە پێشکەشکراوەکانی بە پێویست و قایلکەر زانی بۆ چەسپاندنی تاوانەکە بەپێی بڕیاری ژمارە 160ی ساڵی 1983.
جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، دەستەی دەستپاکی عێراق لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزی ئەمساڵدا، فەرمانی دەستگیرکردنی دژی ئەم بەڕێوبەرە گشتییەی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی کارەبای فوراتی ناوەڕاست جێبەجێ کردبوو بەهۆی تێوەگلانی لە وەرگرتنی بەرتیلدا.