حاجییان بە فڕۆکە دەگەڕێنەوە
گەشتە ئاسمانییەکانی حاجیانی کوردستان ئاسایی دەبنەوە و لە ماوەی 2 ڕۆژدا دەگەڕێنەوە
ئەمڕۆ دووشەممە کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، پاش بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق بۆ کردنەوەی ئاسمانی وڵات و هەرێمی کوردستان بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا، بڕیار دراوە پڕۆسەی گەڕانەوەی حاجییان ئاسایی ببێتەوە.
کاروان ستوونی باسی لەوە کرد، بڕیارە لە سبەینێوە گەشتە ئاسمانییەکان وەک خۆیان بەردەوام بن و بەپێی پلانەکەش، لە ماوەی 2 ڕۆژی داهاتوودا سەرجەم حاجییانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئاسمانەوە دەگەڕێنەوە نیشتمان.
دوێنێ یەکشەممە ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بۆ ماوەی 72 کاتژمێر بەهۆی هێرشی ئێران بۆسەر ئیسرائیل گەشتە ئاسمانییەکان رادەگیرێن.
ئەمە لەکاتێکدایە، چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق بڕیاریدا بە کردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بەڕووی وڵاتەکەیدا.