سیسرکەکان هیندستانیان هەژاندووە
گەنجانی ناڕازیی هیندستان ناڕەزایەتییەکانیان لە سۆشیال میدیاوە دەبەنە سەر شەقام
هیندستان هەر لە کاری هونەریدا بە وڵاتی سەیروسەمەرەکان نەناسراوە، بەڵکو لە کاری سیاسی وجوڵانەوە ناڕەزایەتییەکانیش، کاری جیاواز و سەرنجڕاکێش تۆمار دەکەن. لە نوێترین کاردانەوەی خەڵکی ناڕازی دژ بە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەش، دروستبوونی جوڵانەوەیەکی جەماوەرییە بەناوی "سیسرک".
چیرۆکی دروستبوونی ئەم جوڵانەوە گەنجانەی هیندستان دوای ڕەخنەکانی سوریا کانت، سەرۆکی دادگای باڵای هیندستان سەریهەڵدا، کە ئەو گەنجە بێکارانەی لە سۆشیال میدیا ڕەخنە لە حکومەت دەگرن، بە "سیسرک و مشەخۆر"، وەسف کردبوو. ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا دروستکرد و سەرەتاش لە تەنز و گاڵتەیەکەوە دەستیپێکرد و دواتر بووە، بزووتنەوەیەکی ناڕازی سەر شەقام.
ئابھیجێت دیپکێ، گەنجێکی هیندی تەمەن 30 ساڵانە و دەرچووی زانکۆی بۆستنە لە ئەمەریکا و دوای گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ڕابردوو، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نووسی: "چی دەبێت ئەگەر هەموو سیسرکەکان یەکبگرن؟". ئەم قسەیەش بووە هەوێنی دروستکردنی پارتێکی نوێ بەناوی "پارتی جەماوەری سیسرک" و لە ماوەی کەمتر لە سێ هەفتە، توانی زیاتر لە 22 ملیۆن فۆلۆوەرس کۆبکاتەوە و لە پێش پەیجی پارتی دەسەڵاتدار کەوتەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام.
دواتریش لە ڕۆژی شەممە، 6ی حوزەیرانی 2026، یەکەمین خۆپیشاندانی مەیدانیی گەورەی بزووتنەوەکە لە ناوچەی جانتار مانتار لە نیودەلهی بەڕێوەچوو. خۆپیشاندەران بە ماسکی سیسرکەوە داوای دەستبەجێ دەستلەکارکێشانەوەی دارمێندرا پڕادهان، وەزیری پەروەردەی هیندستانیان کرد بەهۆی پرسی دزەپێکردنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی پزیشکی و گەندەڵی لە سیستەمی نمرەدانان.
سەرپەرشتیارانی پارتەکە، دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە گەنجی ناڕازییان لە دەوری خۆیان کۆکردەوە، ڕایانگەیاند، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە، گاڵتە بگۆڕین بۆ شۆڕش و مانیفێستی پارتەکەشیان لە داواکارییەکانی گەنجانەوە گۆڕی بۆ داواکارییەکی گشتی، لەوانەش: داواکردنی سزای توند بۆ گەندەڵی هەڵبژاردن و دەستگیرکردنی سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەژێر یاسای دژە تیرۆر، ئەگەر دەستکاری دەنگی شەرعیی هاووڵاتییان بکات.
هاوکات داوای تەرخانکردنی نیوەی کورسییەکانی پەرلەمان و پۆستەکانی کابینەی حکومەت بۆ ژنان دەکەن و قەدەغەکردنی کاری سیاسی بۆ ماوەی 20 ساڵ لە هەر پەرلەمانتارێک کە دوای دەرچوونی لەلایەن لایەنێکی دیکەوە بکڕدرێت، ئەمەش بە یاسای "دژەکڕینی پەرلەمانتاران" جێگیربکرێت و هەموو ئەو کەناڵ و میدیایانەش هەڵبوەشێندرێنەوە کە لەلایەن ملیاردێرەکانی ئەمبانی و ئەدانییەوە پارەداردەکرێن و کۆنترۆڵ کراون.
ئەم جوڵانەوەیە، شەپۆلێکی گەورەی لە پشتیوانی و دژایەتی لەسەر ئاستی باڵای دەسەڵات بەدوای خۆیدا هێنا، لەلایەن خۆیەوە، سونام وانگچوک کە چالاکوانێکی دیاری پەروەردەیی و ژینگەییە لەو بارەیەوە ڕایگەیاند:بە شانازییەوە ئەویش یەکێکە لە سیسرکەکان و داوای لە حکومەت کردووە، گوێ لەو گەنجانە بگرێت لەبری سەرکوتکردنیان. هاوکات ئانا هازاری، یەکێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ماماتا بانێرجی و ماهوا مویترا پەرلەمانتارانی پارتی کۆنگرێسی ترینامولی ئۆپۆزیسیۆن، پشتیوانی خۆیان بۆ ناڕەزایەتییەکان دەربڕیوە.
لە بەرامبەر ئەوەشدا، حکومەت و باڵی ڕاستڕەوی دەسەڵاتدار، دژایەتی خۆیان بۆ ئەو ناڕەزایەتییە دەربڕیوە و تاژیندەر باگا، سکرتێری باڵی گەنجانی پارتەکە، کەمپینێکی بۆ ئەو مەبەستە ڕێکخستووە و ئاماژەی بەوە دەکات: "نیوەی فۆڵۆوەرەکانی پارتی سیسرک خەڵکی پاکستان و بەنگلادیشن" بۆ تێکدانی ئاسایشی هیندستان. دوای ئەوەش دەزگای ڕاستیناسینەوەی ئەڵت نیوز، ئاشکرای کرد کە 95%ـی فۆلۆوەرەکانی اپرتی سیسرک، هیندین و ڕاستەقینەن.
دوای گرژییەکانی ئەم چەند ڕۆژەی نیودەلهی و دەستگیرکردنی سەرپەشتتیارانی ناڕەزایەتییەکان لەلایەن پۆلیسەوە، بەڵام پارتی سیسرک، مۆڵەتی حەوت ڕۆژی داوەتە حکومەتی هیندستان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، بە پێچەوانەوە هەڕەشەی فراوانکردنی خۆپیشاندانەکان دەکەن بۆ سەرانسەری وڵات.