پایتەخت

پرۆژەکانی ڕێگەوبان بوونەتە هۆی سەلامەتی زیاتر و ئابوورییەکی بەهێزتر

پرۆژەکانی ڕێگەوبان بوونەتە هۆی سەلامەتی زیاتر و ئابوورییەکی بەهێزتر
کورتە

پرۆژەکانی ڕێگەوبان نەخشەی ئابووری و ژێرخانی هەرێمی کوردستانی زیاتر گەشەپێدا

ژێرخانی ڕێگاوبان و گواستنەوە بە شادەماری گەشەپێدانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و بازرگانیی هەر وڵاتێک دادەنرێت. لە هەرێمی کوردستان، دۆخی ڕێگاوبانەکان بۆ ماوەیەکی درێژ بەدەست سستیی پەرەسەندن و نەبوونی پێوەرە جیهانییەکانەوە دەیناڵاند. بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەمموزی 2019دا، ئەم سێکتەرە کرا بە یەکێک لە لە پێشینەی کارەکان. 


دیدگای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ کارکردن لەسەر بنەمای پلانی ستراتیژی و فرەچەشنی لە هەمەجۆرکردنی دارایی، بووە نەخشەڕێگەی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان. یەکێک لە سەرکەوتنە سەرەکییەکانی ئەم قۆناغەش، نەهێشتنی پشتبەستنی ڕەها بوو بە یەک سەرچاوەی دارایی، بەتایبەت لە کاتی قەیرانەکان و نەناردنی بودجە لە بەغداوە. بۆیە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سێ سەرچاوەی سەرەکییەوە، بەردەوامیدا بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی ڕێگەوبان.


ئەو سەرچاوانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردیە بنەمای بەڕێوەچوونی پلانەکەی لە بواری ڕێگەوبان، بریتی بوو لە بودجەی وەبەرهێنان، تایبەت کراوە بە پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەکان کە شارە گەورەکان بە یەکەوە دەبەستنەوە. هەروەها بودجەی ئاسایی، بۆ چاکسازیی خێرا، قیرتاوکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ناوخۆیی بەکارهاتووە. هاوکات، داهاتی ناوخۆیی (%30ـی وێستگەکانی کێش) کە تێیدا داهاتی خودی بارگرانیی سەر ڕێگەوبانەکان کە بارهەڵگرەکانن، ڕاستەوخۆ خرانەوە خزمەت نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەیان، ئەمەش جۆرێک لە خۆبەڕێوەبردن لە کەرتی ڕێگاوباندا دروستکرد.


گرنگی و کاریگەریی ئەرێنی ئەم فرەچەشنییە لەوەدا دەرکەوت کە سەرەڕای کێشە داراییەکان، کاروانی بنیاتنان بە تەواوی نەوەستا و زیاتر لە 810 پڕۆژە بە کۆی گشتیی یەک تریلیۆن و 57 ملیار دینار بە سەرکەوتوویی تەواوکران. هاوکات پڕۆژەکان تەنیا لە ناوەندە گەورەکاندا چڕ نەبوونەتەوە، بەڵکو نەخشەی دابەشکارییەکە نیشانیدەدات کە هاوسەنگییەکی جوگرافی لە نێوان پارێزگاکان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) و ئیدارە سەربەخۆکان (سۆران، ڕاپەڕین، گەرمیان، زاخۆ) پەیڕەو کراوە.


ڕێگەوبانە نوێیەکان کە درێژییەکەی گەیشتووەتە زیاتر لە سێ هەزار و 55 کیلۆمەتر، جیا لە ئاسانکاریی هاتوچۆ، چەندین ڕەهەندی ئەرێنی پێکەوە بەستووە، وەک: پەرەپێدانی گوند و دێهاتەکان و بەستنەوەیان بە شارۆچکە و شارە گەورەکانەوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ، بە جۆرێک جوتیاران ئێستا دەتوانن بە ئاسانی و بە کەمترین تێچوو بەرهەمەکانیان بگەیەننە بازاڕەکان. هەروەها دابینکردنی ڕێگەی ستاندارد بۆ قەزا و ناحیەکان، هۆکارێکی گرنگە بۆ مانەوەی دانیشتووان لە ناوچەکانی خۆیان و کەمکردنەوەی لۆد لەسەر سەنتەری پارێزگاکان و کەمکردنەوەی کۆچی پێچەوانە.


لە درێژەی پرۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ڕووخساری ئابووریی هەرێم دەگۆڕێت، بەگوێرەی داتاکانی فەرمانگەی میدیا  و زانیاری، ئێستا کارکردن لە 227 پڕۆژە بەردەوامە و بودجەیەکی گەورەیان بۆ تەرخانکراوە کە دەگاتە چوار تریلیۆن و 179 ملیار دینار بە درێژایی دوو هەزار و 239 کیلۆمەتر. لەوانەش پڕۆژەی دووسایدی کۆیە – هەولێر و ڕێگەی کەلار – دەربەندیخان، پڕۆژەی دووسایدی دووکان-چوارقوڕنە، ئەم ڕێگەیانە تەنیا بۆ هاتوچۆی ناوخۆیی نین، بەڵکو شادەماری بازرگانین کە هەرێمی کوردستان، بە ناوەڕاست و باشووری عێراق و وڵاتی ئێرانەوە دەبەستنەوە و بە تەواوبوونیان کات و تێچووی گواستنەوەی بازرگانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە.


لەگەڵ ئەوەشدا، جێبەجێکردنی چەندین کیلۆمەتر لە تونێلی مۆدێرن و پردی ستراتیژی، وەک پردی بەستی شەرغە و دووسایدی کۆڕێ-شەقڵاوە-قەندیل و پرۆژەکانی دیکە، دەرخەری ئەوەن کە پلانەکان، ئاستەنگە سرووشتی و تۆپۆگرافییە قورسەکانی کوردستان تێپەڕاندووە بۆ درووستکردنی ڕێگەی کورتتر و سەلامەتتر.


گرنگیدان بە ڕێگەوبان لە ڕووی ئەندازەی هاتوچۆشەوە یەکێکی دیکەیە لە تەواوکردنی کارەکان بۆ جێبەجێکردنی ستانداردی نێودەوڵەتی لە پرۆژەکانی ڕێگەوباندا. لە ساڵی 2022وە بە پەیڕەوکردنی ئەو بنەمایە، ڕەهەندی سەلامەتی بووەتە ناسنامەی پڕۆژەکان. بۆ ئەم مەبەستەش، دانانی زیاتر لە 19 هەزار هێمای هاتوچۆ، 62 کیلۆمەتر گاردیل، هێڵکاریی دوو هەزار و723  کیلۆمەتر ڕێگە، و دروستکردنی 59 پردی پەڕینەوەی پیادە، چاکسازی لە سیستەمی مۆڵەت و جێگیرکردنی کامێراکانی تیژڕۆیی، پێکەوە وەک پاکێجێکی سەلامەتیی کاریگەرییان لەسەر کەمبوونەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ هەبووە.

 

ئەنجامی ئەم ڕێکارە ئەندازیاری و یاساییانە لە ئامارە فەرمییەکانی ساڵی 2025دا بە ڕوونی ڕەنگی داوەتەوە، بەراورد بە ساڵی 2018. لە هەولێر ڕووداوەکان لە هەزار و 332 ڕووداوە دابەزیون بۆ 346 (کەمبوونەوەی زیاتر لە %70). لە دهۆکیش ڕووداوەکان لە هەزار و 91 ڕووداوەوە کەمبوونەتەوە بۆ 457. هەروەها لە سلێمانی، ڕووداوەکان لە هەزار و 158 ڕووداوەوە دابەزیون بۆ 678 ڕووداو.


ئەم داتایانە دەیسەلمێنن کە ستراتیژیەتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بووە لە بەدیهێنانی ئامانجە مرۆییەکەی، کە بریتییە لە کەمکردنەوەی گشتیی %50ـی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و %60ـی ڕێژەی گیانلەدەستدان و برینداربوونی سەخت. ئەمەش بە دەستکەوتێکی گەورە دادەنرێت، چونکە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان لە سەرووی هەموو نرخێکی داراییەوەیە.

 

08 حوزەیران 2026 19:40
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026